كه‌می خستنه‌وه‌ی منداڵ له كۆریای باشوور هه‌ڕه‌شه له دیمۆگرافیای ئه‌و وڵاته ده‌كات
K24 - هەولێر:
مشتومڕه‌كان له كۆریای باشوور سه‌باره‌ت به منداڵ خستنه‌وه تا دێ زیاتر ده‌بن، كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌و وڵاته‌ی به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا دابه‌ش كردووه، به‌ره‌یه‌ك به‌رگری له‌و ناوچه دروستكراوانه ده‌كات كه بوونی منداڵ تێیاندا قه‌ده‌غه‌یه، به‌ره‌یه‌كی دیكه‌یش دژی زیادبوونی ئه‌و ناوچانه‌ن.
كۆریای باشوور له ریزبه‌ندی یه‌كه‌می ئه‌و وڵاتانه‌یه كه‌مترین رێژه‌ی خستنه‌وه‌ی منداڵ تێیدا تۆمار كراوه، له‌و وڵاته‌دا نزیكه‌ی 500 ناوچه‌ی تایبه‌ت هه‌یه كه بوونی منداڵ تێیاندا قه‌ده‌غه‌یه و 80 ناوچه ده‌كه‌ونه دوورگه‌ی پشووه‌كان "جیجۆ" و 400 ناوچه‌ی دیكه‌یش به‌سه‌ر ته‌واوی وڵات دابه‌ش بوونه.
له‌سه‌ر ئاستی حكومه‌تدا هه‌وڵه‌كان بۆ خێزانه‌كان هانده‌رن بۆ ئه‌وه‌ی منداڵ بخه‌نه‌وه، به‌تایبه‌تی كه ئاماژه‌كان به‌و ئاراسته‌یه‌ن ناوچه قه‌ده‌غه‌كراوه‌كان له منداڵان تا دێ جه‌ماوه‌رییان زیاتر ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سته‌به‌ری ژینگه‌یه‌ك بۆ گه‌وره‌كان بكرێت كه دوور بێت له هه‌موو جۆره ئاژاوه و ژاوه‌ژاوێك.
حكومه‌تی كۆریای باشوور ترسی له ئایینده‌ی وڵاته‌كه‌ی هه‌یه و به‌رامبه‌ر به هه‌ڵوێستی خێزانه‌كان بۆ نه‌خستنه‌وه‌ی منداڵ هه‌ستیاره و پێی وایه له ئایینده‌دا چه‌ندین كێشه‌ی دیمۆگرافی بۆ دروست ده‌بێت.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كۆریای باشووری كه‌مترین تێكڕای خستنه‌وه‌ی منداڵ له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا تۆمار كردووه، هاوكات رێژه‌یه‌كی به‌رزی پیریشی تۆمار كردووه و به ده‌ست ته‌مه‌نی پیرییه‌وه ده‌ناڵێنێت، كه ئه‌مه‌یش چه‌ندین گرفت بۆ حكومه‌تی ئه‌و وڵاته دروست ده‌كات به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به ته‌رخانكردنی مووچه‌ی خانه‌نشینی و چاودێری ته‌ندروستییه‌وه هه‌یه.
ساڵی رابردوو (2022) كۆریای باشوور له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا ژماره‌ی پێوانه‌یی له رووی خستنه‌وه‌ی منداڵ تۆمار كرد، به‌شێوه‌یه‌ك رێژه‌كه گه‌یشته نزمترین ئاست كه بریتی بوو له 0،78، كه ئه‌م رێژه‌یه‌یش زۆر كه‌متره له نیوه‌ی تێكڕای پێگه‌یشتووان كه ده‌بێت 2.1 بێت بۆ سه‌قامگیری دانیشتووان.
به‌گوێره‌ی زانیاری و داتای راپۆرت و توێژینه‌وه‌كان، گه‌نجانی كۆریای باشوور رووبه‌ڕووی چه‌ندین كێشه‌ی گرانی دابینكردنی خانوو و زۆری كاتهكاتی كاركردن و فشاره ئابوورییه به‌رده‌وامه‌كان، هه‌ریه‌ك له‌و كێشانه‌یش كاریگه‌رییان له‌سه‌ر گه‌نجان هه‌یه بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر پێكهێنانی ژیانی خێزانی، به‌شێوه‌یه‌ك توێژینه‌وه‌كان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، گه‌نجانی كۆریای باشوور جیاواز له گه‌نجانی دیكه‌ی جیهان، به‌ر له پێكهێنانی ژیانی هاوسه‌رگیری، ده‌بێت دووجار بیر بكه‌نه‌وه.
ره‌خنه‌گران باسیان له‌وه كردووه، حكومه‌ت له بری ته‌رخانكردنی پاره بۆ هاندانی زیاتری خه‌ڵك بۆ خستنه‌وه‌ی منداڵ ، كه له ماوه‌ی 16 ساڵی رابردوودا بڕی زیاتر له 200 ملیار دۆلاری خه‌رج كردووه، ده‌بێت بیر له شێوازێكی دیكه‌ی هاندان بكاته‌وه، به‌تایبه‌تی كار بكات بۆ گۆڕینی تێڕوانین و هه‌ڵوێستی كۆمه‌ڵگه به‌رامبه‌ر به منداڵ.