سێ چەکداری داعش لە کەرکووک کوژران
K24 - هەولێر
لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە باشووری کەرکووک، سێ چەکداری داعش کوژران.
نەبیل عیسا یاریدەدەری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کە زانیاری هەواڵگیریان پێگەیشتووە کە چەکدارانی داعش پلانیان هەبووە سەرەتا بۆ ناو گوندی تورکئالان لە باشووری کەرکووک و دواتریش بۆ ناوەندی شارەکە دزە بکەن.
راشیگەیاند، لە میانەی ئۆپەراسیۆنی هێزە ئەمنییەکان بۆسەر ناوچەکانی دەوروبەری گوندی تورکئاڵان، پێکدادان روویداوە و تیایدا سەربازێک و سێ تیرۆریست کوژراون.
راشیگەیاند "تیرۆریستەکان پلانیان هەبوو لە جەژندا پەلاماری خوێناوی لە کەرکووک ئەنجام بدەن".
یاریدەدەری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک، جەختی لەوەش کردەوە، کە ئۆپەراسیۆنەکان بەردەوام دەبن و لە ناوەوە و دەرەوەی شارەکەش رێوشوێنی ئەمنی توند دەگیرێتەبەر.
رێکخراوی داعش لە ساڵی 2014دا تەواوی پارێزگاکانی موسڵ، سەڵاحەدین و ئەنبار و بەشێکی پارێزگاکانی کەرکووک و دیالەی کۆنترۆڵ کرد. دواتر لە 9ی کانوونی یەکەمی 2017دا سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، حەیدەر عەبادی سەرکەوتنی بەسەر داعش راگەیاند.
وێڕای تێپەڕینی زیاتر لە پێنج ساڵ بەسەر رووخاندنی رێکخراوەکە تا ئێستاش پەلامارەکانی داعش لەو ناوچانە بەردەوامن.