ئەنتۆنی بلینکن: بە هەموو شێوەیەک ئامادەین بۆ هەر پلانگێڕی و سیناریۆیەک لە رووسیا رووبدات

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا

K24 - هەولێر:

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، گرووپی ڤاگنەر بووەتە هەڕەشە و ئاڵنگارییەکی راستەوخۆ لەسەر حکومەتی پوتن، ئێستا سوپای رووسیا وایلێهاتووە دەبێت لە بەرانبەر بەکرێگیراوەکانی بەرگری لە مۆسکۆ بکات.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشدا، ئەو ناکۆکییەی ئێستا هەیە کێشەیەکی ناوخۆیی رووسیایە، بەڵام بەو پێیەی مۆسکۆ خاوەنی چەکی ئەتۆمییە، ئەوە بووەتە جێگەی نیگەرانییان.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گوتیشی: شانزە مانگ لەمەوپێش هێزەکانی رووسیا لە پێش دەرگای کیێڤ بوون و پێیانوابوو لە چەند رۆژێکی کەمدا شارەکە کۆنترۆڵ دەکەن. بەڵام ئێستا وایان لێهاتووە دەبێت لە بەرانبەر بەکرێگیراوەکانی خۆیان بەرگری لە مۆسکۆ بکەن.

بلینکن راشیگەیاند، پێشتر پریگۆژین دەیگوت ئۆکرانیا و ناتۆ ناتوانن ببنە هەڕەشە بۆ سەر رووسیا، بەڵام ئێستا خۆی بووەتە هەڕەشە و ئاڵنگارییەکی راستەوخۆ بۆ حکومەتی پوتن.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەوەی خستەڕوو، هەموو تیمەکەی راسپاردووە چاویان لە سەلامەتی هاووڵاتیانی ئەمەریکا بێت لە رووسیا و بە هەموو شێوەیەک و هەمیشە ئامادەن بۆ هەر پلانگێڕی و سیناریۆیەک لە رووسیا رووبدات.

درەنگانی شەوی (23ـی حوزەیرانی 2023)، یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر جەنگی دژی سوپای رووسیا و حکومەتی مۆسکۆ راگەیاند و هێزەکانیان چوونە ناو شاری رۆستۆڤ لە سنووری رووسیا و تەواوی بنکە سەربازییەکانیان کۆنترۆڵکرد.

لە بەرانبەر ئەوەشدا، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، ئەوەی روودەدات خیانەتێکە و دەیانەوێت رووسیا بکەوێتە شەڕی ناوخۆ و ئاماژەی بەوەشکرد، "رووبەڕووبوونەوەی ئەم جۆرە خیانەتە پێویستی بە کاری هەمەلایەنە هەیە و سزای تاک بە تاکی خیانتەکاران دەدەین و لەبەردەم گەل بە دادپەروەرییان دەگەیەنین".

لە وەڵامی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا کە باسی لەوەکردبوو، گروپی ڤاگنەر خیانەتییان کردووە، ئەو گرووپە رایانگەیاندووە، ئەو رێگەیەی سەرۆکی رووسیا گرتوویەتییە بەر هەڵەیە و بەمزووانە لەکارەکەی دووری دەخەنەوە و سەرۆکێکی نوێ هەڵدەبژێرن.

ئەو دۆخە نەگەیشتە 24 کاتژمێر و نووسینگه‌ی سه‌رۆكی بێلارووس بڵاویكرده‌وه‌، گرووپی ڤاگنه‌ر رازی بووه‌ دۆخه‌كه‌ له‌ رووسیا هێوربكاته‌وه‌ و چالاكییه‌ سه‌ربازییه‌كانی بوه‌ستێنێت ئەمەش لەسەر پێشنیازی ئه‌لێكسا‌نده‌ر لۆكاشینكۆی سەرۆکی ئەو وڵاتە بووە کە گرووپەکە پێشڕەوییەکانی بەرەو مۆسکۆ بوەستێنێت.

هەرچەندە هێزەکانی ڤاگنەر گەڕاونەتەوە بنکەکانیان و لە شارەکان دوور کەوتوونەتەوە، بەڵام بلینکن پێی وایە، ئەو گێژاوەی لە رووسیا سەریهەڵدا، بۆ هێوربوونەوەی رەنگە چەند مانگێك بخایەنێت.