لە هیندۆراس هێرشکرایە سەر هۆڵێکی یاری بلیارد و 11 کەس کوژران

K24 - هەولێر

لە ئاکامی هێرشێکی چەکدارییدا بۆ سەر هۆڵێکی یاری بلیارد لە باکووری هیندۆراس لە ئەمریکای ناوەڕاست، 11 کەس گیانیان لەدەستدا.

بەپێی ئەو هەواڵەی لە راگەیاندنی ناوچەکەدا بڵاوکراوەتەوە، چەند چەکدارێک هەڵیانکوتاوەتە سەر هۆڵی بلیاردی شاری جۆلۆما لە ویلایەتی کۆرتێس.

چەکدارەکان بە هەڕەمەکی تەقەیان بە دەوری خۆیاندا کردووە و 11 کەسیان کوشتووە کە یەکێکیان ئافرەتە، ژمارەیەکی زۆریشیان بریندارکردووە.

دوای ئاگادارکردنەوەیان، تیمەکانی پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنەکە و رێوشوێنی ئەمنییان لە ناوچەکەدا گرتووەتەبەر.

لە کاتێکدا لێکۆڵینەوەی فراوان سەبارەت بە رووداوەکە دەستی پێ کردووە، بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە 20ی حوزەیراندا، لە ئاکامی سەرهەڵدانی شەڕ لە گرتووخانەیەکی ئافرەتاندا لە هیندۆراس، 46 زیندانی گیانیان لەدەستدا.