پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی: لە چوار حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە گومان دەکرێت سیانیان بە مەبەست بووبن
K24 - هەولێر:
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا چوار حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە کاتی جیاوازدا لە سنووری قەزای دوکان روویان داوە و، گومان دەکرێت سێ لەو ئاگرانە بەمەبەست بووبن.
پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی سەبارەت بە رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە سنووری قەزای دوکان لە چەند رۆژی رابردوودا، ئەوەی خستەڕوو، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ گشت حاڵەتەکانی ئاگرکەوتنەوە کراوەتەوە و بەدواداچوونیش بەردەوامە.
ئاماژە بەوەشدراوە، ئاگرەکان بوونەتە هۆی سوتانی نزیکەی 1306 دۆنم زەوی پووش و پاوان و زەوی هاووڵاتییان و هەڵپڕوکاندنی نزیکەی 70 درەختی سنەوبەر، هۆکاری ئاگرەکانیش جگە لە ئاگرەکەی سەیرانگای دوکان کە بەهۆی پاشماوەی ئاگری گەشتیارانەوە بووە، سیانەکەی تر گومان دەکرێت بە مەبەست بووبێت و گومانلێکراوێکیش دراوەتە دادگا.