بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان: ئەمساڵ هەوڵ دراوە شادەمارەکانی هێنانی ماددەی هۆشبەر بۆ هەرێمی کوردستان وشک بکرێت
K24 - هەولێر:
لە رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەردا، بەڕێوبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان دەڵێت، پێویستیان بە هۆشیاری نیشتیمانی هەیە بەتایبەتی بۆ چینی گەنجان بۆ ئەوەی لە ماددەی هۆشبەر بەدوور بن و لە مەترسیەکانی تێبگەن.
ئەرکان بیبانی، ئەفسەر لە بەڕێوبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمساڵ هەوڵ دراوە شادەمارەکانی هێنانی ماددەی هۆشبەر بۆ هەرێمی کوردستان وشک بکرێت و زۆرترین ئەو کەسانەی کڕین و فرۆشتن بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکەن دەستگیر بکرێن و رووبەرووی یاسایان بکەنەوە.
ئالوودەبوویەکی ماددەی هۆشبەر کە پێنج جار بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیرکراوە لەبارەی زیانەکانی ئەو جۆرە ماددانەوە بۆ کوردستان24 دوا و گوتی: ئۆتۆمبێل، خانوو، کار و هەموو شتێکم هەبوو، بەڵام دوای بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر هەموویم لەدەستدا تەنانەت دایکیشم حاشای لێکردووم.
بەپێی ئامارێکی بەرێوبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان، لە پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵ 943 تۆمەتبار دەستگیرکراون و لەو ژمارەیەش 367 یان مامەڵەی بازرگانییان بە ماددەی هۆشبەرەوە کردووە.
ئاماژە بەوەشدرا، 679 کیلۆگرام حەبی هۆشبەری فەل و 49 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر دەستیان بەسەردا گیراوە لەگەڵ دوو هەزار و 860 شیت حەبی هۆشبەر.
بەپێی ئامارەکان، سەدا 80ـی بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 35 ساڵیدایە و سەدا 10ی بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر ئافرەتن و سەدا 4یش تەمەنیان خوار 18 ساڵە.