رەزایی: بنکەکانی ئەمریکا لە ئەوروپا و دوورگەکان لە سێرەی هێرشەکانمان دان

موحسین رەزایی: ئەگەر ئەمەریکا هێرش بکات، بنکەکانی لە ئەوروپا و دوورگە دوورەدەستەکانیش دەکەینە ئامانج

سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، هۆشداری دا لە ئەگەری ئەنجامدانی هەر هێرشێکی نوێ لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە بۆ سەر وڵاتەکەی، وەڵامی تاران تەنیا بە بنکە سەربازییە نزیکەکانی ناوچەکە سنووردار نابێت، بەڵکوو هێرش دەکەنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە وڵاتانی ئەوروپا و دوورگە دوورەدەستەکانیش.

چوارشەممە 11ـی تشرینی دووەمی 2026، موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایگەیاند: "ئەگەر ئەمەریکییەکان هەڵە بکەن و هێرش بکەنە سەر ئێران، ئێمە تەنیا بنکە نزیکەکان ناکەینە ئامانج، بەڵکوو سەرجەم بنکە نزیکەکان و بنکە سەربازییە دوورەدەستەکانیشیان دەپێکین؛ مەبەستم ئەو بنکە سەربازییانەیە لە ناوچە دوورەکان کە تا ئێستا لێمان نەداون."

سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران هەڕەشەی ئەوەی کرد، هێزەکانیان لە توانایاندایە ئەو دوورگانەش بکەنە ئامانج کە وا دەزانرێت لە دەستی مووشەکەکانی ئێران بەدوورن. هەروەها رەزایی هۆشداریی توندی دایە ئەو وڵاتە ئەوروپییانەی کە میوانداریی بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا دەکەن و گوتی: "ئەگەر فڕۆکەی جەنگیی ئەمەریکی لە بنکەکانی ئەوروپاوە بۆ بۆردوومانکردنی ئێران هەڵبستێت، ئەو بنکانەش دەکرێنە ئامانج و وەک سەرچاوەی هەڕەشە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، بۆیە هۆشداری بەو وڵاتانە دەدەین کە هاوکاریی هیچ هێرشێک بۆ سەر وڵاتەکەمان نەکەن."

رەزایی جەختی لەوە کردەوە کە ئێستا توانای هێرشبەری و بەرگریی ئێران لە هەموو کاتێک زۆر بەهێزترە. هەروەها ئاماژەی بە پێشکەوتنی ئێران لە بواری جەنگی ئەلیکترۆنیدا کرد و بانگەشەی ئەوەی کرد کە هێزەکانیان توانیویانە دەست بەسەر 7 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی (درۆن) پێشکەوتووی ئەمەریکیدا بگرن و بە سەلامەتی بینیشننەوە، جیا لە بانگەشەی کۆنترۆڵکردنی دوو ژێردەریایی زۆر پێشکەوتوو کە توانای رۆچوونیان تا قووڵایی 6 هەزار مەتر لەژێر ئاودا هەیە.

سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان، موحسین ڕەزایی بە تەواوی بوونی هەر دانوستانێکی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی لەگەڵ ئەمەریکادا رەت کردەوە و ئەو هەواڵانەشی بە درۆ خستەوە کە باسیان لە ئەگەری کۆبوونەوە لەگەڵ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا دەکرد، هاوکات وەڵامەکەی واشنتنی بۆ مەرجەکانی تاران بە فێل وەسف کرد.

رەزایی روونیشی کردەوە، یەکێک لە مەرجە سەرەکی و بنەڕەتییەکانی تاران بۆ راگرتنی جەنگ، کۆتاییهێنانە بە شەڕ لەسەرجەم بەرەکانی رۆژئاوای ئاسیا، بەتایبەت لە خاکی لوبناندا.

لە دۆسیەی ئەتۆمیشدا، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دووپاتی کردەوە، وڵاتەکەی "تەنانەت یەک گەردیلەش" لە یۆرانیۆمی پیتێنراو رەوانەی دەرەوە ناکات و راشیگەیاند کە ئەو پەیامەیان بە رووسیاش گەیاندووە کە تەواوی یەدەگی یۆرانیۆم لەناو خاکی ئێراندا دەمێنێتەوە بۆ بەکارهێنانی لە کەشتی و ژێردەریاییە ئەتۆمییەکاندا.