ژمارەیەک لە حزبە کوردستانییەکانی کەرکووک لەگەڵ مەکتەبی رێکخستنی کەرکووکی پارتی لە کۆبوونەوەدان
K24 - هەولێر
ژمارەیەک لە حزبە کوردستانییەکانی شاری کەرکووک سەردانی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووکی پارتی دیموکراتی کوردستانیان لە شاری هەولێر کردووە. بەگوێرەی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی چۆنیەتی بەشداریکردنی لایەنە کوردستانییەکان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقدا دەکرێت.
بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 27ـی حوزەیرانی 2023، نوێنەرانی ژمارەیەک لە حزبە سیاسییە کوردستانییەکانی کەرکووک سەردانی مەکتەبی رێکخستیی کەرکووکی پارتی دیموکراتی کوردستانیان لە شاری هەولێر کرد.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی بەشداریکردنی حزب و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانی کەرکووک بە یەک لیستی هاوبەش لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکرێت، کە بڕیارە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.
پەیامنێری کوردستان24، کە لە شوێنی کۆبوونەوەکە ئامادەیە، ئاماژەی بەوە دا، نوێنەرانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان و پارتی زەحمەتکێشانی کوردستان و ژمارەیەک لە حزبی دیکە لە کۆبووەنەوەکەدا بەشدارن. لە کاتێکدا نوێنەرانی یەکێتی، کۆمەڵ، نەوەی نوێ و گۆڕان نەهاتوونەتە هەولێر.
کۆبوونەوەکە لەگەڵ کەمال کەرکووکی، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستیی کەرکووکی پارتی دیموکراتی کوردستان و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەو مەکتەبەیەیە؛ کاتژمێر 10:00ـی بەیانی دەستیپێکردووە و تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە کۆبوونەوەکە بەردەوام بووە.
ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ دووشەممە 27ـی حوزەیرانی 2023، زیا مەندەلاوی، ئەندامی مەکتەبی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، وەک بڕیارێکی سەرەتایی لە پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا، سڵاحەددین، دیالە، بەغدا و واست کاندیدیان دەبێت و کار لە سەر ئەوە دەکەن کۆتایی فەیلییەکانی بەغدا بەدەستبهێنن.
هاوکات داود سلێمان، بەڕێوەبەری راهێنان لە کۆمیسێۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوە دا، لەبارەی مەرجەکانی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق؛ لە هەمواری سێیەمی یاسایی هەڵبژاردنەکان ماف بە حزبەکان دەدات کە بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن، بەڵام بەو مەرجەی هەر حزبێک چووە ناو هەر هاوپەیمانیەتییەک، نابێت بە تەنیاش بەشداریبکات، بە تایبەت لە هەمان پارێزگا.