کاروان قادر کابان تابلۆکانی لە ژاپۆن نمایشدەکات
K24 - هەولێر:
لە 23ـەمین خولی پێشەنگاکانی هاوبەشی شێوەکاری JAALAـی نێودەوڵەتی، کە ساڵانە لە شاری تۆکیۆی ژاپۆن بەڕێوەدەچێت، بۆ ئەمساڵ حەوت هونەرمەندی کورد لە هەرێمی کوردستانەوە بە تابلۆکانیان بەشداری لەم خولەی پێشەنگا جیهانییەکە دەکەن، کە بڕیارە لە 2 تا 8ـی تەمووز بکرێتەوە.
"کاروان قادر کابان"ـی شێوەکار، کە بەشدارە لە پێشەنگا هاوبەشیەکەی ژاپۆن بە کوردستان24ـی راگەیاند: پێشەنگاکە ساڵانە بە بەشداری وڵاتانی ئەوروپا و ئاسیا و ئەمەریکای لاتین و ئەفریقا بەڕێوەدەچێت و سەدان تابلۆی رەنگاوڕەنگ لە ئامێز دەگرێت، لەم خولەشدا ئێمەی شێوەکار بۆ یەکەمجاره لە هەرێمی کوردستانەوە بەشداری لەم پێشەنگایە دەکەین.
گوتیشی: تابلۆکانی من گوزارشت لە داستان و شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکانی کورد و عەشق و ئەوین و ئازادی و گەریدەکان دەکەن، کە چەند سەدەیەک پێش ئێستا ژیاون و بە فڵچە و خامەی مندا وێنەکێشراون و دەمانەوێت بە ئاڵای کوردستانەوە داهێنانی خۆمان لەو بوارە نیشانی گەلانی دنیا بدەین، ئەگەرچی ئێمە خاوەن گەنجینەیەکی دەوڵەمەندین لە هونەری شێوەکاری، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە تابلۆی شێوەکارەکانی خۆمان لە مۆزەخانەیەکی تایبەتی ئەو هونەرەدا بپارێزین، بەهۆی نەبوونی مۆزەخانەی تایبەت بە کارەکانمان.




