کەمال کەرکووکی: لەگەڵ خیانەتکاران ناچینە ناو یەک لیستەوە

کەمال کەرکووکی، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان
کەمال کەرکووکی، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 - هەولێر:

بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایدەگەیەنێت، پاریزگاری کەرکووک مافی پارتی دیموکراتی کوردستانە کە ئەو پارێزگارە دەستنیشان بکات. گوتیشی: لەگەڵ خیانەتکاران ناچینە ناو یەک لیستەوە.

کەمال کەرکووکی، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە میانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کاتژمێر 8ـی کوردستان24، رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیان لەگەڵ لایەنە کوردییەکان باسی دۆخی ئێستای کەرکووکیان کردووە و بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کردووە، هەروەها یەکێك لە بابەتە سەرەکییەکانی گفتوگۆکەی ئەمڕۆشیان هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بووە.

هەروەها راشیگەیاند، خەریکی ئامادەکارین بۆ پێکهێنانی لیستێک بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق.

بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، "تەنیا لەگەڵ ئەو لایەنانە ناچینە هاوپەیمانییەوە کە بەشداری خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەریان کردووە، ئێمە پێش خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەر یەک لیست بووین، پارێزگار هی خۆمان بوو، 26 کورسیمان هەبوو، یەکڕیز و یەک لیست بووین".

دەشڵێت: کوردەکانی کەرکووک زۆر دڵسۆزن دەزانن کێ خیانەتی لێیانکرد، هەروەها پێوسیتە دڵسۆزەکان یەکبگرن و پشتیوانی لە یەکدی بکەن.

کەمال کەرکووکی، جەختی لەوەشکردەوە، "بڕیارمانداوە  لەگەڵ هەموو لایەنێکی دڵسۆز ئەمادەبین بە یەک لیست خزمەتی خەڵکی کەرکووک بکەین، بەڵام لەگەڵ خیانەتکارانی 16ـی  ئۆکتۆبەر بە یەک لیست نابین بۆ ئەوەی دووبارە خیانەتمان لێنەکەنەوە".

باسی لەوەشکرد، "لەگەڵ خیانەتکاران بە یەک لیست بین وەک ئەوە وایە ژەهری مار بکەیتە ناو خواردنەکەت و بیخۆیت".

لەبارەی دانانی پارێزگاری کەرکووک، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتی: پارێزگاری کەرکووک مافی کوردێکی نێشتمانپەروەرە، کەلەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەستنیشان بکرێت.

بڕیارە لەرۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەبچێت، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانیش لە 1ـی تەمموزەوە بۆ ماوەی یەک مانگ دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ حزب و هاوپەیمانێتییەکان دەکاتەوە.

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە درێژایی مانگی تەمووز ناوی پارتە سیاسی و هاوپەیمانێتییە نوێیەکان تۆماردەکەن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، کە بڕیارە لە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، لە رابردوودا 269 پارتی سیاسی لە کۆمیسیۆن تۆمارکرابوون، ئێستاش بە میکانزمی نوێ و پێدانی بڕی 5 ملیۆن دینار حزبەکان ناوی خۆیان نوێدەکەنەوە لە کۆمیسیۆن، هەروەها هەڵبژاردنەکان بە سیستمی سانت لیگۆ بەڕێوەدەچێت و بە تەواوی پشت دەبەستێت بە یاسایی هەمواری سێیەمی هەڵبژاردنەکانی عێراق.