پشتیوان سادق: ئەو سەقامگیرییەی لە کوردستان هەیە وایکردووە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە پێکهاتە جیاوازەکان لە کوردستاندا بژین

K24 - هەولێر

وەزیری ئەوقاف و کار و باری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو ئارامی و سەقامگیرییەی لە کوردستان هەیە بووەتە هۆی ئەوەی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە پێکهاتە جیاوازەکان لە کوردستاندا بژین.

پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کار و باری ئایینی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەواندا گوتی: حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە رابردوودا درێغی نەکردووە لە خزمەتی خەڵک و لە داهاتووشدا بەهەمان شێوە بەردەوام دەبێت، حکومەت حکومەتی خەڵکی کوردستانە، ئەوەی لە توانای دا هەبووە بەبێ جیاوازی بەپێی ئەو دەرفەتانەی بۆی رەخساوە، خزمەتی گەورەی خەڵکی کوردستانی کردووە.

دەشڵێت: ئەو سەقامگیرییەی لە کوردستان هەیە بووەتە هۆی ئەوەی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە پێکهاتە جیاوازەکان لە کوردستاندا بژین، ئەمەش مانای ئەوەیە خەڵکی کوردستان کولتووری پێکەوەژیان و یەکتر قبوڵکردنی لەلا گرنگە.

پشتیوان سادق کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتییە، جەختی لەوەشکردەوە: "پارتی دیموکراتی کوردستان هەردەم لەگەڵ ئەوەدایە کە بەیەک ریزی و تەبایی دەتوانین دەستکەوتەکانی کوردستان زیاتر بکەین و بەهێزتری بکەین، هەروەها لەبەغداش دەمانتوانی پێکەوە مافەکانی گەلی کوردستان بەپێی دەستووری عێراق دەستەبەر بکەین".

گوتیشی: پێشی جەژن پارتی و یەکێتی کۆبوونەوە، بێگومان ئەو خاڵانەی هاوبەشن زۆر زیاترە لەو خاڵانەی ناکۆکیمان لەنێواندا هەیە، لە کۆتاییدا پێویستە کێشەکانمان چارەسەر بکەین".

سەبارەت بە هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق، پشتیوان سادق گوتی: "تا ئێستا ئێمە وەکو پارتی لە مەکتەبی سیاسی بڕیارمان نەداوە کە چۆن و بەچ لیستێک و بەچ شێوازێک بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی پارێزگاکانی ناوچە جێ ناکۆکەکان بکەین".