پەیامێك لە سەرۆك بارزانییەوە: بە توندی سەرکۆنەی سووتاندنی قورئانی پیرۆز دەکەین
K24 - هەولێر:
سەرۆک بارزانی بە توندی سەرکۆنەی کردەی سووتاندنی قورئانی پیرۆز دەکات و لە پەیامێکدا راگەیاند، كردەی ناڕەوای سووتاندنی قورئانی پیرۆز بە هیچ شێوەیەك ناچێتە چوارچێوەی ئازادیی رادەربڕین و هیچ پاساوێك هەڵناگرێت.
رۆژی (29ـی حوزەیرانی 2023)، سەرۆک بارزانی رایگەیاند، "كردەی ناڕەوای سووتاندنی قورئانی پیرۆز بە هیچ شێوەیەك ناچێتە چوارچێوەی ئازادیی رادەربڕین و هیچ پاساوێك هەڵناگرێت. ئەمە برینداركردنی هەست و سۆزی تێكڕای موسوڵمانانی جیهانە و زۆر بە توندی سەركۆنەی دەكەین".
هەروەها لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانیدا هاتووە، "ئەم جۆرە كردەوانە دژی گیانی تەبایی و پێكەوەژیانە و خزمەتی گوتاری تاریكی و بڵاوكردنەوەی ڕق و كینە دەكات و لەسەر هەموو لایەك پێویستە ڕێگری لێ بكەن".
دەقی پەیامەکەی سەرۆك بارزانی
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
كردەی ناڕەوای سووتاندنی قورئانی پیرۆز بە هیچ شێوەیەك ناچێتە چوارچێوەی ئازادیی رادەربڕین و هیچ پاساوێك هەڵناگرێت. ئەمە برینداركردنی هەست و سۆزی تێكڕای موسوڵمانانی جیهانە و زۆر بە توندی سەركۆنەی دەكەین. ئەم جۆرە كردەوانە دژی گیانی تەبایی و پێكەوەژیانە و خزمەتی گوتاری تاریكی و بڵاوكردنەوەی ڕق و كینە دەكات و لەسەر هەموو لایەك پێویستە ڕێگری لێ بكەن.
مسعود بارزانی
29ی حوزەیرانی 2023
هاوکات هەر ئەمڕۆ، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە تویتێکدا رایگەیاند، "سەرکۆنەی سووتاندنی قورئانی پیرۆز دەکەم. داواکارم هەموو کتێبە ئاسمانییە پیرۆزەکان رێزلێگیراوبن لە هەموو شوێنێک و رێگە بگیرێت لە تێکدانی پێکەوەژیان".
سەرکۆنەی سووتاندنی قورئانی پیرۆز دەکەم. داواکارم هەموو کتێبە ئاسمانییە پیرۆزەکان رێزلێگیراوبن لە هەموو شوێنێک و رێگە بگیرێت لە تێکدانی پێکەوەژیان.
— Masrour Barzani (@masrourbarzani) June 29, 2023
هەوەها رۆژی (29ـی حوزەیرانی 2023)، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکی لەبارەی رووداوی بێرێزیکردن و سووتاندنی قورئانی پیرۆز لە وڵاتی سوید دەکات و ئەو رەفتارە بە دوورە لەبەھای مرۆڤایەتی و دژی بنەماکانی دیموکراسی و پێکەوەیی و ئاینداری وەسف دەکات.
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، "پێویستە دەزگا پەیوەندیدارەکان لەو وڵاتە، رێگری یاسایی لەم شێوە رووداوانە بکەن و بکەری سەرەکیش رووبەڕووی دادگا بکەنەوە".
دوای ئەوەی رۆژی (27ـی حوزەیرانی 2023)، پەنابەرێکی عێراقی بەناوی سەلوان مۆمیکا لە وڵاتی سوید، دوای وەرگرتنی رەزامەندی پۆلیسی ئەو وڵاتە، هەستا بە بێرێزیکردن و سووتاندنی قورئانی پیرۆز لە بەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵم.
ئەم کارەش کاردانەوەی زۆری لە وڵاتانی ئیسلامی بەدوای خۆیدا هێناو و بە فەرمیش حکومەتی عێراق ئیدانەی ئەو رەفتارەی کردووە کە ئەو پەنابەرە عێراقییە لە وڵاتی سوید ئەنجامیداوە.