سائیر بەیاتی: لە عێراقدا پێکهاتەی سوننە بە ئامانج گیراوە

K24 - هەولێر:
ئەمینداری ئەنجوومەنی هۆزە عەرەبەکان، رایدەگەیەنێت، هاووڵاتییانی سوننی بە بیانوی جۆراوجۆر تۆمەتبار دەکرێن و دۆخی پارێزگا سوننەنشینەکان زۆر خراپە. هاوکات گوتیشی: لە عێراقدا پێکهاتەی سوننە بە ئامانج گیراوە
سائیر بەیاتی، ئەمینداری ئەنجوومەنی هۆزە عەرەبەکان، لە میانەی بەشداریکردنی لە دوا گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 23:00ـی کوردستان24، رایگەیاند، دۆخی پارێزگا سوننییەکان بەهۆی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق ناگۆڕێت، هەروەها بەهۆی نەبوونی دادپەروەری و هەبوونی حزبی تائیفی هیچ جۆرە هاوکێشەیەک ناگۆڕێت.
هەروەها راشیگەیاند، رێژەی بەشداریکردن لەم هەڵبژاردنەدا زۆر کەم دەبێت و رەنگە بەشداریکردن لەم هەڵبژاردنە لە %10 کەمتر بێت.
ئاماژەی بەوەدا، لەنێو سوننەکاندا، 400 هەزار هاووڵاتی دەستگیرکراو و بێسەروشوێنمان هەیە، هەروەها دۆخی پارێزگا سوننەنشینەکان دۆخی زۆر خراپە.
ئەمینداری ئەنجوومەنی هۆزە عەرەبەکان، روونیکردەوە، بەرپرسیارەتی دەخەنە ئەستۆی ئیدارەی ئەمەریکا و نوێنەرەکانیان لە عێراق، بەهۆی ئەوەی تا ئێستا کێشەکانیان چارەسەر نەکراوە. هەروەها باسی لەوەشکرد، ئەوانەی نوێنەرایەتی پێکهاتەی سوننی دەکەن توانایەکی ئەوتۆیان نییە.
گوتیشی: ئێمە لە عێراق داوای دادپەروەری دەکەین.
لەبارەی بێ سەروشوێنبوونی هاووڵاتییانی سوننە، سائیر بەیاتی، گوتی: "ئێمە زانیاری و بەڵگەمان هەیە کە میلیشیاکان هاووڵاتیانی ئێمە دەڕفێنن لەبەردەم چاوی هێزە ئەمنییەکان لە ناوچە سوننەنشینەکان لە ئەنبار، سەڵاحەدین، مووسڵ و دیالە، هەروەها میلیشیاکان رێگری لە سوننەکان دەکەن بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان".
گوتیشی: چەندەها گۆڕی بە کۆمەڵ هەیە کە شایەدی ئەو راستییەن کە سوننەکان کۆمەڵکوژ کراون، گۆڕەکان لە دەوروبەری فەلوجە، رومادی و ئەنبار و چەندین لە ناوچەی دیکە هەن.
بڕیارە لەرۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەبچێت، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانیش لە 1ـی تەمموزەوە بۆ ماوەی یەک مانگ دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ حزب و هاوپەیمانێتییەکان دەکاتەوە، هاوکات ئەندامێكی مەکتەبی هەڵبژاردنی پارتی دەڵێت: بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە 7 پارێزگا کاندیدمان دەبێت.
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە درێژایی مانگی تەمووز ناوی پارتە سیاسی و هاوپەیمانێتییە نوێیەکان تۆماردەکەن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، کە بڕیارە لە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، لە رابردوودا 269 پارتی سیاسی لە کۆمیسیۆن تۆمارکرابوون، ئێستاش بە میکانزمی نوێ و پێدانی بڕی 5 ملیۆن دینار حزبەکان ناوی خۆیان نوێدەکەنەوە لە کۆمیسیۆن، هەروەها هەڵبژاردنەکان بە سیستمی سانت لیگۆ بەڕێوەدەچێت و بە تەواوی پشت دەبەستێت بە یاسایی هەمواری سێیەمی هەڵبژاردنەکانی عێراق.