تا ئێستا 621 ھاووڵاتیی عێراقی و سووریی لە سوودانەوە گەڕێندراونەتە بەغدا

گەڕاندنەوەی ژمارەیەک هاووڵاتیی عێراقی و سووری لە سوودانەوە
گەڕاندنەوەی ژمارەیەک هاووڵاتیی عێراقی و سووری لە سوودانەوە

K24 - هەولێر

وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایدەگەیەنێت، تا ئێستا 621 ھاووڵاتیی عێراقی و سووریی لە سوودان گەڕێندراونەتە بەغدا.

ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، لە ماوەکانی رابردوودا، بە پێنج فڕۆکەی عێراقی، ژمارەیەک گەشتی ئاسمانیی بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییانی عێراقی و سووریایی لە سوودان ئەنجامدراون.

وەکو ئەوەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق باسی دەکات، بەھۆی بەردەوامبوونی خراپی رەوشی سوودانەوە تا ئێستا، 621 ھاووڵاتیی عێراقی و سووریی لەو وڵاتەوە گەڕێندراونەتە بەغدا. 

دوای خراپبوونی رەوشی سوودان بەھۆی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ھێزکانی پشتیوانی خێرا و سوپای سوودان، وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەھەماھەنگی لەگەڵ ژمارەیەک وڵات، دەستی کرد بە گواستنەوەی ھاووڵاتییانی خۆی لەو وڵاتە.

پێکدادانەکانی نێوان سوپای سوودان و ھێزەکانی پشتیوانیی خێرا

لە خەرتووم پایتەختی سوودان و چەند شارێکی دیکەی وڵاتەکە، لە بەیانی رۆژی 15ی نیسانەوە پێکدادان لە نێوان سوپای سوودان و ھێزەکانی پشتیوانیی خێرا سەریھەڵدا.

ئەو پێکدادانانەیش لە دوای ئەوە ھات کە ماوەی چەند مانگێکە مشتومڕی گەرم لە بارەی ئەو چاکسازییە سەربازییە بەردەوامە کە تیایدا داوا دەکرێت "ھێزەکانی پشتیوانی خێرا بەتەواوی ببنە بەشێک لە سوپا".

لە ماوەکانی رابردوودا، رێکخراوی تەندروستی جیھانی ئەوەی ئاشکرا کردبوو کە لە میانی پێکدادانەکانی سووداندا، زیاتر لە 850 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە پێنج ھەزار و 500 کەسی دیکەیش بریندار بوون.