پاکێجێکی دیکەی هاوکاری سەربازی بە بەهای 190 ملیۆن دۆلار رەوانەی ئۆکرانیا دەکرێت

K24 - هەولێر:

دانیمارک پاکێجێکی دیکەی هاوکاری سەربازی بە بەهای 190 ملیۆن دۆلار رەوانەی ئۆکرانیا دەکات، بەمەبەستی بەهێزکردنی تواناکانی بەرگریکردن لەدژی رووسیا.

وەزارەتی بەرگری دانیمارک رایگەیاند، بە مەبەستی پڕکردنەوەی داواکارییەکانی ئۆکرانیا و بەهێزکردنی تواناکانی بۆ باشتر بەرگریکردن لە دژی رووسیا، پاکێجێکی دیکەی هاوکاری سەربازی بە بەهای 190 ملیۆن دۆلار رەوانەی کیێڤ دەکەن.

ئاماژەی بەوەشدا، بێجگە لەو پاکێجە، دانیمارک بە 44 ملیۆن دۆلاری دیکە بەشداردەبێت لە دەستپێشخەری یەکێتی ئەوروپا، بۆ دابینکردنی گوللە تۆپ بۆ سوپای ئۆکرانیا.

ئەمەش لەکاتێدایە، دانیمارک 19ی حوزەیران پاکێجێکی پێنج ساڵەی بۆ گەیاندنی هاوکاری سەربازی بۆ ئۆکرانیا راگەیاند، تێکڕای بەهاکەشی 3 ملیار و 200 ملیۆن دۆلارە.

لە 24ـی شوباتی 2022 سوپای رووسیا بە فەرمانی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ئەو وڵاتە، هێرشی زەمینی و ئاسمانی بۆ سەر خاکی ئۆکرانیا دەستپێکرد، کە بەهۆیەوە ملیۆنان ئۆکرانی ئاوارە بوون و ژمارەیەکی زۆری سەرباز لە هەردوولا بوونە قوربانی.

ئەمەریکا و بەشێك لە وڵاتانی رۆژئاوا پشتیوانی خۆیان بۆ ئۆکرانیا راگەیاندووە و لەبەرانبەریشدا، چەند وڵاتێکی دیکە بە ئاشکرا پاڵپشتی لە بڕیارەکەی ڤلادیمێر پوتن دەکەن، لەوانە (بێلارووس و چیچان).