بەهای بازاڕی دەرامەتەکانی عێراق زیاتر لە 15 ترلیۆن دۆلارە

دۆلار
دۆلار

K24 - هەولێر

راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە رووی دەرامەتەوە عێراق لە پلەبەندی نۆیەمە لەسەر ئاستی جیهان، ئاماژەی بەوەشدا بەهای بازاڕی سەرمایەی عێراق زیاتر لە 15 ترلیۆن دۆلارە.

مەزهەر محەممەد، راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا راشیگەیاند، عێراق بە یەکێک لە وڵاتە گرنگەکان لەسەر ئاستی جیهاندا ئەژمار دەکرێت، بە گوێرەی راپۆرتە نیودەوڵەتییەکان لە رووی دەرامەتی سرووشتی و دەرامەتی خاوەوە لە ریزبەندی وڵاتە پێشکەوتووەتەکانە. هەروەها لە هەجۆری سرووشتی و توانای ئابوورییەوە لە پلەبەندی نۆیەمدایە لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهاندا.

راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشدا، بەهای بازاڕی ئەو دەرامەتە خاوانە بە نرخی ئێستا بە زیاتر لە 15 ترلیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت. ئەوەش بەراورد بە ئەمەریکا کە بەهای بازاڕی دەرامەتە خاوەکانی بە 45 ملیار دۆلار و هی رووسیاش بە 75 ترلیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت.