خاوەنی کۆمپانیاکانی دراو لە بەردەم بانکی ناوەندیی عێراق گردبوونەوە
K24 - هەولێر
ژمارەیەک لە خاوەنی کۆمپانیاکانی دراو لە بەردەم بانکی ناوەندیی عێراق لە بەغدا گردبوونەوە و داوا دەکەن بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرزبکرێتەوە و کێشەی مامەڵەکردن بە پاسپۆرتەکانیان بۆ چارەسەر بکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە 3ـی تەممووزی 2023، بەشێک لە خاوەنی کۆمپانیاکانی دراو و هاووڵاتییانی بەغدا لە بەردەم بانکی ناوەندیی عێراق گردبووەنەوە و داوایان کرد بەهای دۆلاری ئەمەریکی بەرامبەر بە دیناری عێراقی وەکو ئەوەی لە یاسای بودجەدا (100 دۆلار بەرامبەر بە 130 هەزار دینار) پەسەندکراوە، لە بازاڕەکاندا جێگیر بکرێت.
كێشەی بەشێکی دیکەی هاووڵاتییان، مامەڵەکردن بوو بە کۆپیی پاسپۆرتییان لە فڕۆکەخانەکەندا. یەکێک لەو هاووڵاتییانەی بەشداریی لە گردبوونەوەکەدا کرد، بە پەیامنێری کوردستان24ـی گوت، ماوەیەکە کۆمپانیاکانی بواری فڕۆکەوانی، کۆپییەکی پاسپۆرتەکانیان بۆ مەرامی بازرگانی بەکاردەهێنن، بە شێوەیەک، کاتێک هاووڵاتییەک دەچێتە کۆمپانیاکە و داوای ڤیزا دەکات، کۆمپانیاکە داوای کۆپییەکی پاسپۆرتەکەیان لێدەکات، کۆپییەکە دەبەنە فڕۆکەخانەکان و دۆلاری پێ رادەکێشن و دواتر پێیان دەڵێن، كێشە لە پێدانی ڤیزا دروستبوو و ناتوانن بۆیان دەستەبەر بکەن.
وەکو ئەوەی ئەو هاووڵاتییە باسی کرد، کاتێک بۆ جاری دووەم دەچنە کۆمپانیایەکی بواری فڕۆکەوانی بۆ هێنانەدرەوەی ڤیزا، پێیان دەگوترێت قەرزاری و پارە لەسەر هەژمارەکەت راکێشراوە. لەکاتێکدا نازانن کێ و کەی پارەکە راکێشاوە. داواش لە بانکی ناوەندیی عێراق دەکەن کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکەن.
لە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025 بەهای 100 دۆلاری ئەمەریکی بەرامبەر بە 130 هەزار دیناری عێراقی دیاریکراوە. لەگەڵ پەسندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، بۆ ماوەی چەند رۆژێک بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دابەزی، بەڵام دواتر بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار رووی لە بەرزبوونەوە کردەوە.