بەڕێوەبەری شارەدێی خەلیفان: هاووڵاتییان دەتوان بە کات و رۆتینی کەمتر مامەڵەکانیان رایی بکەن
K24 - سۆران:
فەرمانی هەرێمی بۆ بەقەزاکردنی شارەدێی خەلیفان و بە شارەدێکردنی گوندی سرێشمە دەرچوو. لەوبارەیەوە مەغدید عەریف، بەڕێوەبەری شارەدێی خەلیفان، دەڵێت: بەهۆی ئەم گۆڕانکارییە هاووڵاتییان دەتوان بە کاتێکی کەمتر و رۆتیناتی کەمتر لە رووی کارگێڕیەوە مامەڵەکانیان رایی بکەن.
مەغدید عەریف، بەڕێوەبەری شارەدێی خەلیفان، تایبەت بۆ کوردستان24، رایگەیاند، "بە قەزاکردنی شارەدێی خەلیفان لە رووی خزمەتگوزارییەوە گرنگییەکی تایبەتی دەبێت، لە قۆناغی یەکەمدا بودجەیەکی تایبەتی بۆ تەرخاندەکرێت و لە دابەشکردنی بودجەشدا تایبەتمەندی لەبەر چاو دەگیرێتن".
هەروەها دەڵێت: هاووڵاتیان دەتوان بە کاتێکی کەمتر و رۆتیناتی کەمتر لە رووی کارگێڕیەوە مامەڵەکانیان رایی بکەن.
شارەدێی خەلیفان بە دووری 14 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری رۆئاوای قەزای ناوەندی سۆران و بە دووری 87 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی سەنتەری شاری هەولێر.
دوێنێ گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، فهرمانى ههرێمى بۆ بە قەزاکردنی شارەدێی خهليفان بە شارەدێکردنی گوندى سرێشمهی واژوو كرد و لهمڕۆوه فهرمانهكه دهكهوێته بوارى جێبهجێكردنهوه، بهم بڕيارهش له ههموو روويهكهوه ئاسانكارى و خزمهتێكى باشترى ناوچهى خهليفان و دانيشتوانى سنوورهكه دهكرێت.