مامەند محەممەد: ئەو شێڵتەرەی لە هەولێر دروست دەکرێت شوێنی 5 هەزار سەگی تێدا دەبێتەوە
K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری هەولێر، رایدەگەیەنێت، لە ماوەی دوو بۆ سێ رۆژی داهاتوو شێڵتەرەکە تەواو دەبێت و بە فەرمی ئامادە دەبێت بۆ لەخۆگرتنی سەگی بێلانە. هاوکات دەشڵێت: ئەو شێڵتەرەی هەولێر شوێنی پێنج هەزار سەگی تێدا دەبێتەوە.
مامەند محەممەد، بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری هەولێر، لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، رایگەیاند، شێڵتەرەکە دەکەوێتە سەر رێگای گوێڕ نزیک کارگەی شیش رووبارەکەی 20 دۆنم دەبێت و شوێنی نزیکەی پێنج هەزار سەگی تێدا دەبێتەوە.
هەروەها راشیگەیاند، سەرەتا لە هەڵمەتێکدا لەناو سەنتەری شاری هەولێر ژمارەیەک سەگ دەستگیردەکرێن بۆ ئەوەی بارگرانی لەسەر سەنتەری شار کەمبێتەوە.
ئاماژەی بەوەدا، کاتێک سەگە بێلانەکان دەستگیرکران سەرەتا ستافی ڤێرتەنەری لەناو شێڵتەرەکەدا هەڵدەستن بە ئەنجامدانی نەشتەرگری بۆ سەگەکان و نەزۆکیان دەکەن، بۆ ئەوەی رێژەیان سنووردار بکرێت، دواتر ئازاد دەکرێن.
بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری هەولێر، دەشڵێت: دوای ئەوەی نەشتەرگەری بۆ سەگەکان دەکرێن و نەزۆک دەکرێن، ژمارەیەک دادەنرێت لە گوێچکەیان و ناویان تۆماردەکرێت، دواتر کاتە ئازاد دەکرێن.
گوتیشی: دوای نەشتەرگەری بۆ سەگەکان دەکوترێن بە ڤاکسینی دژی هاری سەگ و چارەسەری نەخۆشە مشەخۆرە ناوەکیەکانیان بۆ دەکرێت و ژمارەیان بۆ دادەنرێت لە گوێچکەیان، هەروەها لیستیان بۆ دەکرێتەوە ناویان تۆمار دەکرێت و دواتر ئازاد دەکرێن، بەم شێوەیە رێژەی سەگی بێلانە بە تێپەڕبوونی کات کەمدەبتەوە.
مامەند محەممەد، روونیکردەوە، پێداویستی شێڵتەرەکە لەلایەن پارێزگاری هەولێرەوە دابیندەکرێت و هەروەها کۆمپانیای زاگرۆس هاوکارە لەگەڵ پاریزگاری هەولێر لە بەڕێوەبردنی شێڵتەرەکە و دابینکردنی پێداویستی بۆی.
باسی لەوەشکرد، پێشبینی دەکرێت کە زیاتر لە 25 هەزار سەگی بێلانە لە سنووری پارێزگای هەولێر هەبێت.
جەختی لەوەشکردەوە، "ئەو پڕۆسەی کە ئەوان دەیکەن لەناوبردنی سەگی بێلانە نییە، بەڵکو سنووردارکردنی ژمارەکەیەتی، هەروەها رێکخراوی ئاژەڵ دۆستانیش هاوڕامان بوون لەم کارە".
سەبارەت بە نەخۆشی هاری سەگ، بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری هەولێر، گوتی: ڤایرۆسی نەخۆشی هاری لە رێگەی لیک و گەستنی سەگەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ.