عێراقییەکان یەکەمین کڕیاریی موڵکن لە ئوردن

 ئوردن رایگەیاند، لە 10 مانگی یەکەمی ساڵی 2026، عێراقییەکان لە رووی ژمارەی کڕینی خانووبەرە لەوڵاتەکەیان پلەی یەکەمیان بەدەستهێنا.

ئەمرۆ چوارشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2026،، فەرمانگەی زەویوزار و رووپیوی ئوردن بلاوی کردەوە، عێراقییەکان بوونەتە خاوەنی 463 موڵک و بەهای خەمڵێنراویان نزیکەی 75.7 ملیۆن دیناری ئوردنییە، ئەمەش 41%ـی کۆی گشتیی بەهای ئەو موڵکانە پێکدەهێنێت کە بیانییەکان لەو وڵاتە کڕیویانە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، کۆی بەهای خەمڵێنراوی مامەڵەکانی کڕینی موڵک لەلایەن بیانییەکانەوە گەیشتووەتە نزیکەی 186.6 ملیۆن دینار، کە لە رێگەی 1,952 مامەڵەوە کڕدراون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە رووی ژمارەی موڵکەوە، سعوودییەکان بە کڕینی 252 موڵک لە پلەی دووەمدان، دوای ئەوانیش سوورییەکان بە 228 موڵک، فەڵەستینییەکان بە 181 موڵک و ئەمریکییەکان بە 162 موڵک لە پلەکانی دواتردا ریزبەندی کراون.

لەسەر ئاستی بەهاش، ئەمریکییەکان بە کڕینی موڵک بە بەهای نزیکەی 14.9 ملیۆن دینار لە پلەی دووەمدان، پاشان فەڵەستینییەکان بە 12.8 ملیۆن دینار، سوورییەکان بە 12.77 ملیۆن دینار، بەریتانییەکان بە نزیکەی 10.3 ملیۆن دینار و سعوودییەکان بە 9.5 ملیۆن دینار دێن.

هاوکات لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوودا، عێراقییەکان بە کڕینی 47 موڵک بە بەهای نزیکەی 5.5 ملیۆن دینار، لە پێشەنگی مامەڵەکانی کڕینی موڵکدا بوون، کە 30%ـی کۆی گشتیی بەهای مامەڵەی بیانییەکانی لەو مانگەدا پێکهێناوە.