لە سنووری سلێمانی هاووڵاتییەک بەتۆمەتی سووتاندنی باخەکەی خۆی دەستگیر کرا

K24 - هەولێر:

لە سنووری ناحیەی سەیتەک لە پارێزگای سلێمانی، هاووڵاتییەک بەتۆمەتی سووتاندنی باخەکەی خۆی دەستگیر کرا.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، لە گوندی (کانی سارد)ی ناحیەی سیتەك ئاگرێك کەوتەوە کە بەهۆیەوە نزیکەی 30 دۆنم پوش و پاوان و باخی هاووڵاتییەك سووتا.

ئاماژە بەوەشدرا، کارمەندانی بنکەی پۆلیسی دارستانی سیتەك بە هاوکاری ئاگرکوژێنەوەی سیتەك و خەڵکی گوندەکە توانیان ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن. هەروەها هاووڵاتییەك بە تۆمەتی هۆکاری ئاگرەکە دەستگیر کراوە کە خاوەنی باخەکەیە.

ئەو بەڕێوەبەرایەتییە هەر ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، لە قەزای دوکان لەنێو سیاجی مۆنۆمێنتی ئەنفال ئاگر کەوتەوە. راشیگەیاند، ئاگرەکە بە کەمتر لە نیو کاتژمێر کۆنتڕۆڵ کراوە، بەڵام گومان دەکرێت هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە بە مەبەست بوبێت.