شاندێکی پارێزگای هەولێر سەردانی شانشینی عەرەبی سعوودیە دەکات

ئاڵای کوردستان و سعوودیە
ئاڵای کوردستان و سعوودیە

K24 – هەولێر

شاندێکی پارێزگای هەولێر سەردانی شانشینی عەرەبی سعوودیە دەکات و یەکێک لە پرسە سەرەکییەکان کە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە باسی دەکەن، وەبەرهێنانە لەبواری ئاو و ئاوەڕۆ بە مەبەستی چارەسەری هەمیشەیی بۆ کێشەی کەم ئاوی لە شاری هەولێر.

راگەیاندنی پارێزگای هەولێر بڵاویکردەوە "ئەمڕۆ سێشەممە 4/7/2023، شاندێکی پارێزگای هەولێر بە سەرۆکایەتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئەندامێتی جێگری پارێزگار، بەڕێوەبەری گشتیى ئاو و ئاوەڕۆى هەرێمى کوردستان، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆى هەولێر و ژماریەکى تر لە وەبەرهێنەر و پیاوانى کار، بە ئامانجى ئاڵوگۆڕی بازرگانی، وەبەرهێنان و چارەسەرکردنی  کێشەی ئاوی خواردنەوەی هەولێر و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتەکە، سەردانی شانشینی عەرەبی سعودیە دەکات و لەگەڵ وەزیری بازرگانی، وەزیری وەبەرهێنان، ئەمیری ریاز و نوێنەرانی کۆمپانیا سعوودییەکان کۆدەبنەوە".

ئاماژە بەوەشکراوە، شاندەکەی پارێزگای هەولێر چوار رۆژ لە سعوودیە دەمێننەوە و هانی کۆمپانیا سعوودییەکان دەدەن بۆ ئەوەی وەبەرهێنان بێنە هەولێر و هەرێمی کوردستان.