بۆ جاری چوارەم ماوەی ئەرکی سکرتێری گشتیی ناتۆ درێژکرایەوە

یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ
یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ

K24 - هەولێر

بۆ جاری چوارەم بڕیار درا بە درێژکردنەوەی ماوەی ئەرکی یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە.

رۆژی سێشەممە 4ـی تەممووزی 2023، هاوپەیمانی ناتۆ لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، وڵاتانی هاوپەیمان رێککەوتوون لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی ئەرکی یانس ستۆڵتنبێرگ کە لە 30 ئەیلوولدا کۆتایی دێت.

وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی پێ دراوە، بڕیارەکە لە سەروبەندی لووتکەی ناتۆ کە لە رۆژانی 11-12ـی  تەمووزدا لە شاری ڤیلنیوس سازدەکرێت، لەلایەن سەرۆکی دەوڵەت و حکوومەتەکانەوە پەسەند دەکرێت.

بەو بڕیارەش، یانس ستۆڵتنبێرگ هەتا یەکی تشرینی یەکەمی 2024 وەک سکرتێری گشتیی ناتۆ لەسەر ئەرکەکەی بەردەوام دەبێت.

یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە لێدوانێکیدا سەبارەت بە بڕیارەکە رایگەیاند: ''شەرەفمەندم بە بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەی ئەرکەکەم لەلایەن هاوپەیمانانی ناتۆوە''.

یانس ستۆڵتنبێرگ لە یەکی تشرینی یەکەمی 2014ەوە ئەرکی سکرتێری گشتیی ناتۆ بەڕێوەدەبات.

یانس ستۆڵتنبێرگ کە سەرۆکوەزیرانی پێشووی نەرویجە، پێشتر سێ جار ماوەی ئەرکەکەی وەک سکرتێری گشتیی ناتۆ درێژکراوەتەوە.