خالید عوبێدی: هەماهەنگی هەولێر و بەغدا پێویستە بۆ ڕێگریکردن لە ماددە هۆشبەرەکان و بەقاچاخبردنی پارە

خالید عوبێدی
خالید عوبێدی

K24 - هەولێر

وەزیری بەرگری پێشووی عێراق، رایگەیاند، پێویستە پەیوەندیی و هەماهەنگی باش لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی بەغدا هەبێت بۆ ڕێگری کردن لە ماددە هۆشبەرەکان و بەقاچاخبردنی پارە.

خالید عوبێدی، وەزیری بەرگری پێشوو و پەرلەمانتاری ئێستای عێراق، لە لێدوانێکیدا بە کوردستان24ی راگەیاند، پێویستە هەماهەنگی ئەمنی لەسەر ئاستێکی باڵا و لەهەموو ئاستەکاندا لە نێوان هەرێم و بەغدا هەبێت، چونکە ئێستا بابەتێکی گرنگ هەیە، ئەویش ماددە هۆشبەرەکان و بەقاچاخبردنی پارە و زۆر بابەتی دیکە.

عوبێدی گوتیشی: لە جەنگی دژی داعش و شەڕەکانی ئەم دواییەی ئازادکردنی موسڵ، هەماهەنگیەکی زۆر باش لەنێوان حکومەتی بەغدا و حکومەتی هەولێر دا هەبووە، "بۆ ئەوەی هێزەکانی عێراق بتوانن خاکی هەرێمی کوردستان بەکار بهێنن،  توانیم پەیوەندیەکی هاوبەش لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی سوپای عێراق دابمەزرێنم"، هەروەها هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش رۆلێکی زۆر گەورەی لەم بابەتەدا بینیووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، "راستی هەماهەنگیەکی بەرز لە نێوان هەرێم و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەیە، بەدڵنیاییەوە هەماهەنگی ئەمنی زۆر گرنگە، ئەگەر قسە لەسەر داعش بکەین، پێمان وایە شەڕی دژی داعش بەشێوەیەکی تەواو کۆتایی هات، بەڵام پێویستە چاودێری ئەمنی شانە نووستووەکانی داعش بکەین".

دەشڵێت: "بەدڵیاییەوە هەماهەنگی ئەمنی تەنها لەسەر ئاستی تیرۆردا نەبێت، بەڵکو پێویستە هەماهەنگی ئەمنی لەسەر ئاستێکی باڵا و لەهەموو ئاستەکاندا بێت، پێشم وایە هاوکاری و ئاڵوگۆڕی زانیارییە هەواڵگرییەکان بەشێوەیەکی گشتی لەنێوانیاندا هەیە".