سوپای سوودان گەڕەکێکی شاری خەرتومی کۆنتڕۆڵکرد
K24 - هەولێر
دوای شەڕێکی توند لەدژی هێزەکانی پشتیوانی خێرا، کە تیایدا جۆرەها چەکی قورس بەکارهێنرا، سوپای سوودان توانی گەڕەکی "ری ئەلمیسری" لە ناوچەی ئەلشەجەرە لە باشووری خەرتوم کۆنترۆڵبکات.
بەگوێرەی کەناڵی "تیبە"ی سوودان، سوپای سوودان دەستی بەسەر نزیکەی 50 ئۆتۆمبێلی سەربازیی سەر بە هێزەکانی پشتیوانی خێرا دا گرتووە، کە بریتین لە زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازی و لەگەڵ سەرجەم چەک و کەلوپەلەکانیان.
لە رێگەی پلاتفۆرمی سۆشیال میدیاوە چەندین پارچە ڤیدیۆی بڵاوکرایەوە، کە چەکدارانی سوپای سوودان شەڕێکی سەخت لەسەر شەقامەکان دەکەن بەرامبەر بە هێزەکانی پشتیوانی خێرا.
ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ شەڕێکی سەختی سوپا لە ناوچەکانی شاری ئوم درمان، کە سوپا کۆنترۆڵیکرد بوو لەناوچەکە دەسوڕانەوە بەبێ ئەوەی هیچ چەکدارێکی هێزەکانی پشتیوانی خێرای لێبێت.