هێزەکانی پشتیوانی خێرا گەماڕۆی عومەر بەشیر سەرۆکی لەکار لادراوی سوودانیان داوە

عومەر بەشیر
عومەر بەشیر

K24 - هەولێر

رۆژی سێشەممە، شەڕێکی سەخت لەنێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە شاری ئوم درمان روویدا، کە بووە گۆڕەپانێکی بەرفراوانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و لە ئەنجامدا کوژران و برینداربوونی خەڵکی سڤیلی لێکەوتەوە.

چەند سەرچاوەیەک بە شەرقولئەوسەتیان راگەیاند، هێزەکانی پشتیوانی خێرا گەمارۆی عومەر بەشیر، سەرۆکی لەکارلادراوی سوودان و سێ لە سەرکردە باڵاکانی حکومەتەکەی دەدەن، ئەوانیش، بەکری حەسەن ساڵح، یوسف عەبدولفەتاح ناسراو بە "رامبۆ"، هەروەها ئەحمەد تەیب ئەلخەنجەر، لە نەخۆشخانەی عولیای سەربازی، لەناو فەیلەقی پزیشکی لە شاری ئوم درمان کە لەژێر کۆنترۆڵی سوپادایە.

سوپای سوودان دوای دوو هەفتە لە سەرهەڵدانی شەڕ، هەڵاتنی زۆرێک لە سەرکردەکانی حکومەتەکەی پێشووی راگەیاند، کە تۆمەتباربوون بە کودەتاکەی 30ی حوزەیرانی ساڵی 1989، کە بەشدارییان لە کوشتنی خۆپیشاندەران کردووە.

شایەتحاڵەکان لە سوودان باسیان لەوە کردووە کە هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە سێ قۆڵەوە هێرشیان بۆ سەر بارەگای پۆلیسی یەدەگی ناوەندی لە ئوم درمان دەستپێکردووە، بە بەکارهێنانی چەکی سووک و قورس و تۆپخانەکانیان بە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی بارەگاکە، بەڵام سوپای سوودان  رووبەڕوویان بووەتەوە و ناچاری کردوون پاشەکشە بکەن .

سوپای سوودان لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاندووە: "هێزەکانی چالاکیی تایبەت" ئۆتۆمبێلی شەڕکەری هێزەکانی پشتیوانی خێرایان لە ئوم درمان تێکشکاندووە، لە میانی پرۆسەی پاککردنەوەی شارەکە لە هێزەکانی بەرامبەر.

ئەحمەد عەبدوڵڵا، دانیشتووی ئوم درمانە رایگەیاند: دۆخەکە زۆر دژوارە، لە هەموو ئاراستەکەوە گوللـە بەسەر ماڵەکاندا دەبارێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، بوونی ئەندامانی هێزەکانی پشتیوانی خێرا، ماڵی هاووڵاتیان دەکاتە ئامانج بۆ هێرشە ئاسمانییەکان کە لەلایەن فڕۆکەکانی سوپاوە ئەنجامدەدرێن، کە دەبێتە هۆی زیانی گیانی لەنێو دانیشتوانی گەڕەکەکەدا لە ئەنجامی رووخاندنی ماڵەکانیان.

هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە راگەیەندراوێکدا، لە پەیجی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاند، فڕۆکەیەکی جەنگی میگی سوپای سوودانیان لە ناوچەی بەحری خستووەتە خوارەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "فڕۆکەکانی سوپا هێرشیان کردە سەر ژمارەیەک گەڕەکی نیشتەجێبوون لە ئومدرمان و کۆمەڵکوژی مرۆیی قێزەونیان ئەنجامدا، بەتایبەتی لە ناوچەی ئومبادا، لە ئەنجامدا دەیان هاوڵاتی جڤیل کوژران و بریندار بوون".

بەپێی دوایین ئامار، هێزی ئاسمانی سوودان خاوەنی 191 فڕۆکەی سەربازییە، کە 46 فڕۆکەی جەنگی، 37 فڕۆکەی هێرشبەر، 25 فڕۆکەی بارهەڵگری سەربازی، 12 فڕۆکەی مەشق و ڕاهێنان.

داوا دەکرێت ئەوەی خاوەن دوکانەکانی خواردنە لە گەڕەکەکان ڕێگە بە کڕیارەکانیان بدەن قەرز بکەن، لەسەر حیسابی مووچەکانیان کە ماوەی سێ مانگە وەریان نەگرتووە، واتە لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕەوە لەو وڵاتە مووچە بە کارمەندانی حکومی نەدراوە.

یەکێک لە بازرگانەکان، لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دەڵێت: هەموو ئەو کاڵایانەی پێش شەڕ لە فرۆشگاکەدا هەبوون، بەقەرز داومەتە کڕیارەکانم بە هیوای ئەوەی دوای وەرگرتنی مووچەکانیان پارەکەم بۆبگەڕێننەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا مووچەکان نەهاتووە.

لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی ئەو دوو لایەنەی سوودان کە لە 15ی نیسانەوە سەری هەڵداوە، هیچ  فەرمانبەرێکی وڵات مووچەیان وەرنەگرتووە، تا ئێستا سێ مانگ تێپەڕیوە و چونەتە ناو مانگی چوارەمیشەوە هێشتا مووچەکانان وەرنەگرتووە.

پەککەوتن و ئیفلیجی سیستەمی بانکی، بە بانکی ناوەندی سوودانیشەوە، هۆکارێک بوو بۆ ئاڵۆزبوونی دۆخەکە بۆ هەموو هاووڵاتیان، تەنانەت کاریگەری لەسەر ئەو کەسانەش هەبوو کە پاشەکەوتیان لە هەژمارەکانیان لە بانکەکاندا هەیە.

سەرچاوەیەک لە بانکی سوودان بە شەرقولئەسەتی راگەیاند، فەرمانبەرانی بانکی ناوەندیش مووچەی سێ مانگی رابردوویان وەرنەگرتووە، تەنها ئەوە نەبێت بەڕێوەبەرایەتی بانکەکە بەناوی هاندانی جەژن کە کەمترە لە مووچەی مانگێک بەسەریان دابەشکردووە، ئاماژەی بەوەشکرد، بانکەکە جگە لە مووچەی ئەفسەر و سەربازانی سوپا هیچ مووچەیەکی نەداوە.

دەشڵێت: "بانکی سوودان ئێستا لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی نامە ناردن لە "واتسئاپ"ەوە، کارەکانی بەڕێوەدەبات، چونکە سیستەمێکی نییە بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانی لە دەرەوەی لقە سەرەکییەکەیەوە، کە لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێرا کۆنتڕۆڵ دەکرێت.” ». ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بانکی سودان ناوەندێکی چاککردنەوەی کارەسات نییە بۆ بەکارهێنان لە ئەگەری لەکارکەوتنی سیستەمەکە، هەرچەندە پێشتر پێشنیار هەبووە کە جێبەجێ نەکراوە بۆ ئەوەی کۆپییەکی پاشەکەوتی دوور لە سەرۆکایەتیی وڵات لە پۆرت سودان یان واد دروست بکرێت مێدانی."

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی، ئەحمەد ئەلشەریف، رەتیکردەوە کە رێنمایی لەلایەن وەزارەتەکەیەوە دەرچووبێت بۆ نەدانی مووچە، گوتیشی: لە ئێستادا زانیاریی نییە سەبارەت بەوەی کەی مووچە دەدرێت، چونکە وەزارەت لە پشوودایە و وەزیر و بریکارەکەش لە ئێستادا ئامادە نین.

ئەلشەریف هۆکاری خەرجنەکردنی مووچەی سێ مانگی رابردووی بۆ دۆخی وڵاتەکەی بەهۆی شەڕەوە گەڕاندەوە و دەڵێت: "بەهۆی شەڕەوە داهاتی پێویست نییە بۆ پێدانی مووچە"، بەڵام پێشبینی دەکات بەم زووانە چارەسەری قەیرانی مووچەی فەرمانبەران بکرێت، کە سنووری کاتی بۆ دیار نەکراوە.

Fly Erbil Advertisment