حکومەتی هۆڵەندا بەکارهێنانی مۆبایل لەناو هۆڵەکانی خوێندن قەدەغە دەکات

K24 – هەولێر:

حکومەتی هۆڵەندا رایگەیاند، بڕیارە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان لەنێویاندا مۆبایل لە هۆڵەکانی خوێندن قەدەغە بکرێن بۆ ئەوەی ڕێگری لە پەکخستنی فێربوون بکرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە (5ـی تەمموزی 2023)، حکومەتی هۆڵەندا، بە ئامانجی رێگریکردن لە پەکسختنی فێربوون بڕیاریدا بەکارهێنانی مۆبایل لە هۆڵەکانی خوێندن قەدەغە بکات، هەروەها بڕیارە و ئەم دەستپێشخەرییە لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

 بڕیاری قەدەغەکردنی بەکارهێنانی مۆبایل رەنگە ببێتە کێشە بۆ بەشێک لە قوتابیان ، بە تایبەت ئەو قوتابیانەی کە پێویستی پزیشکی یان کەمئەندامییان هەیە، هەروەها بۆ ئەو پۆلانەی کە سەرنجیان لەسەر کارامەیی ئەلیکترۆنییە.

رۆبێرت دایکگراف، وەزیری پەروەردەی هۆڵەندا دەڵێت: "هەرچەندە مۆبایل نزیکە لەوەی تێکەڵ بێت لەگەڵ ژیانمان، بەڵام بەکارهێنانی لەناو پۆل گونجاو نییە"

گووتیشی:"دەبێت قوتابیان بتوانن لەناو پۆل سەرنجیان لەسەر خوێندنی وانەکان بێت و هەموو دەرفەتێکیان پێبدرێت بۆ ئەوەی بە باشی فێربن. بەڵام ئێمە لە توێژینەوە زانستییەکانەوە دەزانین مۆبایل ئەمە تێکدەدات".

بڕیاری قەدەغەکردنی مۆبایل لەناو پۆل تەکنەلۆژیای دیکەش دەگرێتەوە لەوانە تابلێت و کاتژمێری زیرەک، بەهۆی ئەوەی ئەم ئامێرانەش لە بڕیاری قەدەغەکردنەکەی حکومەتی هۆڵەندا هاتوون.

حکومەت رایگەیاندووە، ئەوە پەیوەستە بە قوتابخانەکانەوە کە لەگەڵ مامۆستایان و دایک و باوکان و قوتابییان لەسەر یاسا وردەکارییەکان رێکبکەون، بۆ ئەوەی بزاندرێت ئایا دایک و باوکان دەیانەوێت ئامێرەکان بە تەواوی لە قوتابخانەکاندا قەدەغە بکرێن یاخود نەکرێت.

ئەو پلانەی حکومەتی هۆڵەندا دەرئەنجامی رێککەوتنی وەزارەتی پەروەردە و قوتابخانەکان و رێکخراوە پەیوەندیدارەکانە.