فەرەنسییەکان بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما داوای پۆشینی جلوبەرگی کورت دەکەن لەسەر کاردا
K24 - هەولێر
دوای ئەوەی پلەی گەرما لە هەندێک ناوچەی فەڕەنسا گەیشتە 40 پلەی سیلیزی، داواکارییەکانی فەرمانبەران بۆ گۆڕینی جلوبەرگی ئاسایی خۆیان لە کاتی کارکردندا و رێگەدان بە بەکارهێنانی جلوبەرگی کورت لە کاتی کارکردندا زیادی کردووە، زۆربەی کارمەندەکانیش سەر بە خزمەتگوزارییە فەرمییەکان، بانکەکان، بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانە و کۆمپانیا گەورەکانن.
نەریتی پۆشینی جلوبەرگی کارمەندان لە فەڕەنسا پێکهاتووە لە پانتۆڵێکی درێژ، چاکەتێک و کراسێک و کڵاوێک، زۆرجار شینی تۆخ باوترین ڕەنگە بۆ چاکەتەکە و خۆڵەمێشی بۆ پانتۆڵەکان، سەبارەت بە کرێکاران لە کەرتەکانی دیکەی وەک پزیشکی، سوپا، کارگەکان، کێڵگەکان، هەر پیشەیەک جلوبەرگی تایبەتی خۆی هەیە.
بە پێچەوانەی ئەوەی کە یاسای کار هیچ کارمەندێک ناچار ناکات جلوبەرگ لەبەر بکات، لە یەکێک لە ماددەکانی یاساکەدا هاتووە کە "هیچ کەس ناتوانێت مافی تاکەکان و ئازادییەکان سنووردار بکات، بەپێی ئەم راپۆرتە، هەڵبژاردنی جۆری جلوبەرگ بەشێکە لە ئازادییە تاکەکەسییەکان، لەوانەیە رێگری لێ نەکرێت لە ئەنجامدانی ئەو کارە مەگەر ئەوەی کە جلوبەرگەکەی ناکۆک بێت لەگەڵ ئەو جۆرە چالاکییەی کە تێیدا بەشداری دەکات.

بۆ خۆ بەدوورگرتن لە لێکدانەوەی جیاواز، زۆرێک لە گرێبەستەکانی کارکردنی مۆدێرن چەند بڕگەیەکیان هەیە کە جۆری جلوبەرگی گونجاو بۆ کارەکە دیاری دەکات، یان بەڕێوەبەرایەتییەکان رێنمایی لەم بارەیەوە دەر دەکەن، چەند حاڵەتێکی کەم هەیە کە لەوانەیە بەرەنگاری جلوبەرگی کارمەندێک بکرێتەوە، وەک ناکۆکی لەگەڵ بنەماکانی سەلامەتی گشتی، نەبوونی پاکوخاوێنی یان ناگونجێن لەگەڵ وێنەی گشتی ڕێکخراوەکە.
دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کاتێک کارمەندەکان لە ماڵەوە دەڕۆیشتن بۆ کار، تۆمارێکی پێکەنیناوی دەردەکەوت، کە کارمەندەکان بە کراس و کڵاوەوە لەبەردەم مێز و کۆمپیوتەرەکانیان دانیشتوون، لە کاتێکدا شۆرت و نەعلەی لاستیکیان لەبەردا بوو، دوای ئەوە کە شەپۆلی گەرما هات، رێگە بە زۆرێک لە کرێکارانی کۆمپانیا تایبەتەکان درا کە جلی "بەرمۆدا" لەبەر بکەن،کە جلێکی کورتە تاوەکو سەر ئەژنۆیە.
ئەم هاوینە لەوانەیە ببێتە سەرەتایەک بۆ گۆڕینی شێوازی جلوبەرگی پیاوان لە دامەزراوە فەرمیەکانی فەڕەنسا.