کۆیە میوانداریی کۆنسێرتی تایبەتی پیانۆژەنێکی 12 ساڵان دەکات
ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ی تشرینی دووەمی 2026، بەشی موزیکی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی کۆیە، بە درووشمی "ئەمڕۆ ئامێرێکی مۆسیقا بدە دەستی منداڵەکەت، سبەی هونەرمەندێک بە کۆمەڵگا ببەخشە"، بۆ هاودەم ئەژی، پیانۆژەنی بەهرەمەندی 12 ساڵان، کۆنسێرتێکی تایبەتی موزیکی لە تەلاری پەیمانگەی کۆیە پێشکەش دەکات.
چوارشەممە، 11ی تشرینی دووەمی 2026، ئارام سەردار، موزیکژەن و مامۆستای هاودەم ئەژی بە کوردستان24ی راگەیاند، "لەو کۆنسێرتەدا، هەشت بەرهەمی موزیکی پێشکەش دەکرێت، کە تێکەڵەیەکە لە موزیکی کوردی و ئازەری، بە مەبەستی پیشاندانی جۆراوجۆریی موزیک و ناساندنی رەنگ و شێوازە جیاوازەکانی. لەگەڵ هاودەم ئەژیدا، هەشت ژەنیار بە ئامێرەکانی ڤایۆلین، ڤیۆلا، چەلۆ، فلوت و ئامێرە ریتمییەکان بەشداری دەکەن و بە هاوئاهەنگییەکی موزیکی بەرهەمەکان پێشکەش دەکەن."
ئارام سەردار سەبارەت بە کۆنسێرتەکە گوتی، "هاودەم ئەژی سەرەتای گەشتە هونەرییەکەی لە ساڵی 2022 و لە تەمەنی هەشت ساڵیدا دەست پێ کردووە؛ ئەوکات بەشداریی خولێکی هاوینەی چالاکییەکانی قوتابخانەکانی پەروەردەی ناوەندی هەولێری کردووە و لەوێوە خۆشەویستیی بۆ ئامێری پیانۆ دەستی پێ کردووە."
ئارام سەردار باسی لەوەش کرد، "ئەو بە حەز و خۆشەویستییەوە رووی لە فێربوونی پیانۆ کردووە و بە بەردەوامی لە راهێنان و فێربووندا توانیویەتی تواناکانی پەرە پێ بدات و لە ماوەی چەند ساڵێکدا هەنگاو بنێت بەرەو ئەوەی بەرهەمە موزیکییەکان بە شێوەیەکی سەربەخۆ پێشکەش بکات."
ئەو موزیکژەنە باس لە گرنگیی ئەو کۆنسێرتە بۆ هاودەم ئەژی دەکات و دەڵێت، "ئێستا، لە تەمەنی 12 ساڵیدا، ئەم کۆنسێرتە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی هاودەم ئەژی بەهرە و ئەزموونی خۆی لە بەردەم خۆشەویستانی موزیک بخاتەڕوو و لە هەمان کاتدا ئەزموونێکی نوێ لە ژیانی هونەریی خۆیدا تۆمار بکات."
سەبارەت بە درووشمی کۆنسێرتەکە، ئارام سەردار دەڵێت، "دروشمی کۆنسێرتەکە ئاماژەیەکی روونە بۆ گرنگیی پشتیوانیی خێزان و دامەزراوە پەروەردەیی و هونەرییەکان لە بەهرەی منداڵان؛ چونکە فێرکردنی ئامێرە موزیکییەکان و دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ پەرەپێدانی تواناکانیان، دەتوانێت رێگا بۆ دەرکەوتنی هونەرمەندان و داهێنەرانی داهاتوو خۆش بکات."
ئەم چالاکییە تەنیا کۆنسێرتێکی موزیکی نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ گرنگیدان بە بەهرەی منداڵان، هاندانیان بۆ بەردەوامبوون لە رێگای هونەر و پیشاندانی ئەوەی کە پشتیوانیی بەهرەکان لە تەمەنی منداڵییەوە، دەتوانێت ببێتە بنەمای دروستبوونی نەوەیەکی داهێنەر و خاوەن توانای هونەری.