پێوەرەکانی بەشداریکردن لە خولی پیشەگەری عێراق بڵاوكرانه‌وه‌

یاریی دهۆك و هه‌ولێر له‌ وه‌رزی 2022 ـ 2023 خولی نایابی عێراق ـ یاریگه‌ی دهۆك
یاریی دهۆك و هه‌ولێر له‌ وه‌رزی 2022 ـ 2023 خولی نایابی عێراق ـ یاریگه‌ی دهۆك

فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تی عه‌دنان درجاڵ به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نی لالیگای ئیسپانیا قۆناغی یه‌كه‌می پرۆژه‌كه‌یان بۆ خولی پیشه‌گه‌ری عێراق بڵاوكرده‌وه‌، وه‌كو سه‌ره‌تایه‌ك 8 پێوه‌ریان دیاری كرد، هه‌ر یانه‌یه‌ك جێبه‌جێی نه‌كات مۆڵه‌تی به‌شداریكردن له‌ خولی پیشه‌گه‌ری عێراق پێنادرێت.

یه‌كه‌م: ده‌بێت یانه‌كان پلانێكی په‌سه‌ندكراویان بۆ پەرەپێدانی تیمەکانی لاوان هه‌بێت كه‌ تێیدا یاریزانه‌كان له‌ژێر چاودێری پزیشکی دابن و خاوه‌نی گرێبەستی نووسراویش بن.

دووه‌م: هه‌بوونی یاریگایەک به‌ ته‌واوی ستاندارده‌كان، ده‌بێت هه‌ر یاریگه‌یه‌ك ئه‌م مه‌رجانه‌ی تێدا بێت: (بڕوانامە و رێگه‌پێدانی یاریگا،  ژووری کۆنترۆڵ لە یاریگا، ژوور و ستافی فریاگوزاری سەرەتایی، شوێنی تایبه‌ت بۆ مەشقەکان).

سێیه‌م: پلانێكی تایبه‌ت بۆ مه‌شقی یاریزانه‌ لاوه‌كان، له‌ژێر چاودێرییه‌كی ورد كه‌ تێیدا ڕه‌چاوی (یاسا بنەڕەتییەکان و دامەزراوە تەندروستییەکان) بكه‌ن.

چواره‌م: جێبه‌جێكردنی ته‌واوی رێنمایی و مه‌رجه‌كان له‌ڕووی: (بەڕێوەبەری گشتی - سکرتاریەتی یانەکان - بەرپرسی دارایی - بەرپرسی ئاسایش - ئەفسەری ڕاگەیاندن - ئەفسەری پزیشکی - چارەسەری فیزیۆتێراپی - ڕاهێنەری تیمی یەکەم - یاریدەدەری تیپی یەکەم - بەڕێوەبەری پرۆگرامی گەشەپێدانی لاوان - ڕاهێنەری لاوان - سەلامەتی و ئاسایشی پاسەوانان).

پێنجه‌م: راپۆرتی دارایی ساڵانە، به‌ ته‌واوی ورده‌كارییه‌كانه‌وه‌، به‌تایبه‌تی له‌ڕووی گواستنه‌وه‌ی یاریزانان، له‌گه‌ڵ زانیاری دارایی له‌باره‌ی ته‌واوی فه‌رمانبه‌ران و كه‌سانی په‌یوه‌ست به‌ یانه‌كان.

 شه‌شه‌م: نوێكردنه‌وه‌ی راپۆرته‌ داراییه‌كان

 حه‌وته‌م: پێداچوونەوە بە بەیاننامە داراییەکان.

هه‌شته‌م: بوونی ڕێسای ڕەفتاری كه‌ پێویسته‌ سه‌رجه‌م یاریزانان و كارگێران پابه‌ندی بن، له‌گه‌ڵ بوونی به‌رپرسێكی یاسایی بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رپه‌رشتی هه‌موو كاره‌كان بكات له‌ڕووی یاساوه‌.