ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس: گۆڕانی کەشوهەوا لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە
K24 - هەولێر
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "گۆڕانی کەشوهەوا لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە"، دوای ئەوەی شیکردنەوەی داتاکان دەریخست تێکڕای پلەکانی گەرمای جیهان لە ماوەی 7 رۆژدا کە دواهەمین پلەکانی گەرما چوارشەممەی رابردوو بوو، گەرمترین هەفتە بووە کە تۆمارکراون.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ئەگەر پێداگری بکەین لەسەر دواخستنی ئەو رێوشوێنە سەرەکیانەی کە پێویستن بە گۆڕانی کەشوهەوا، پێموایە بەرەو دۆخێکی کارەساتبار دەڕۆین، وەک لە دوو تۆماری کۆتایی پلەی گەرمیدا دەرکەوتووە.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاوی کردووەتەوە، شیکارییەکی نافەرمی بۆ داتاکان دەریخستووە رەنگە جیهان تووشی خراپترین 7 رۆژی لەسەریەک بووبێت لە پلەکانی گەرمادا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کە ناوەندی نیشتمانی پێشبینی ژینگەیی ئەمەریکا کۆیکردووەتەوە، تێکڕای پلەی گەرمی جیهانی رۆژی سێشەممەی رابردوو 17.18 پلەی سەدی بووە، کە ژمارەی پێوانەیی تێپەڕاندووە.
شیکارییەکە داتای بەرهەمی ئاسایی بەکاردەهێنێت، کە بە "نەگونجاو" ناوی بردووە، وەک جێگرەوەی پلەی گەرمی راستەقینە و تۆمارەکانی کەشوهەوا، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە چاودێری و تۆماری پلەی گەرمی جیهانی دەکات لەسەر بنەمای مانگانە و ساڵانە، نەک رۆژانە.
کارستن هاوستن، توێژەر لە بواری تیشکی بەرگەهەوا لە زانکۆی لایپزیگ، گوتی: رەنگە مانگی تەممووز گەرمترین مانگ بێت کە تۆمارکراوە، لە دوای ماوەی نێوان سەهۆڵبەندانەکانەوە، کە نزیکەی 120 هەزار ساڵ لەمەوبەر بووە.
شاری ڤیجایارا غاڤان، گەڕیدەی جەمسەرەکان گوتی: لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا بە بەردەوامی سەردانی جەمسەری باکوور و جەمسەری باشووری کردووە، ئاماژەی بەوەش کرد، گەرمبوونی جیهان لە هەردوو جەمسەرەکەدا روودەدات و مەترسی لەسەر ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکانی ناوچەکە دروستکردووە، لەگەڵ توانەوەی سەهۆڵەکە کە ئاستی دەریاکان بەرزدەکاتەوە.
دەشڵێت: "گەرمبوونی کەشوهەوا رەنگە ببێتە هۆی زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی وەک بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزای باڵندە لە جەمسەری باشوور، کە لێکەوتەی توندی بۆ پەنگوین و ئاژەڵەکانی دیکەی ناوچەکە دەبێت".