هەڵمەتی کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان لە هەولێر دەستیپێکرد

K24 - هەولێر

هەڵمەتی کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان لە شاری هەولێر دەستیپێکردووە، بڕیار وایە ئەو سەگانە لە شێڵتيرێکدا کۆبکرێنەوەو بخەسێندرێن.

رەوەند قادر، بەڕێوەبەری شارۆچکەی دارەتوو، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ هەڵمەتی کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان لە سنووری شارۆچکەی دارەتوو دەستیپێکرد، گوتیشی: دارەتوو بێبەش نیە لە سەگی بێلانە، دەتوانین بڵێین بەشێکی زۆری سەگە بێلانەکان لەم سنوورەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ ئامارێکمان لەبەردەست نیە بۆ ئەوەی بزانین ژمارەی ئەو سەگانە چەندن، هەروەها چەند هاووڵاتیش تووشی ئازار بوونە بەهۆی سەگەوە.

 گوتیشی: ئێمە مەبەستمانە بتوانین لەگەڵ رێکخراوەکانی تایبەت بە ئاژەڵ دۆست و هاووڵاتیان هەڵمەتەکە رابگەیەنین، هەروەها هەڵمەتەکەش بەردەوام دەبێت، تا ئەوکاتەی بە شیوەیەکی بنبڕ سەگی بێلانە لە سنوورەکە کەمدەکەینەوە و ناهێڵین.

ئەوەشی خستەڕوو، چوار میکانیزم هەن بۆ کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان کە بریتین لە: قەفەس کردنیانە. پێدانی گۆشت و خواردنە بۆ ئەوەی ماڵی بکرێن. زۆرجار هاووڵاتیان دەبنە هاوڕێی سەگەکان، دەتوانین سوود لەوانیش وەرگرین، هەروەها بێهۆشکردنیانە.