ئەمریکا: کۆچبەرێک بە تۆمەتی ئەنجامدانی کردەی تیرۆریستی دەستگیرکرا
دەسەڵاتدارانی ئەمریکا رایانگەیاند، پیاوێکی تەمەن 34 ساڵیان دەستگیرکرد، دوای ئەوەی لە گەشتێکی ناوخۆییدا لە نیوارکەوە بەرەو نیو ئۆرلیانز بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە بۆمبێکی پێیە.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ناوچەی جێفەرسۆن رایگەیاند، ئەو پیاوە لە کاتی گەشتەکەدا بە شێوەیەکی نائاسایی رەفتاری کردووە و بەگوێرەی راپۆرتەکان، بە تیمی فڕۆکەکەی گوتووە کە بۆمبێکی پێیە.
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا بۆ فۆکس نیوز پشتڕاستیکردەوە، تۆمەتبارەکە کۆچبەرێکی نایاسایی خەڵکی هۆندوراسە و پێشتریش دوو جار دیپۆرتکراوەتەوە، ئێستا لە دەستبەسەریدا ماوەتەوە.
فڕۆکەکە بە سەلامەتی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی لویس ئارمسترۆنگ لە نیو ئۆرلیانز نیشتەوە و ئەو سەرنشینە بەبێ روودانی هیچ پێکدادانێک دەستگیرکرا.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیس روونیکردەوە، تۆمەتبارەکە گواستراوەتەوە بۆ ناوەندی چاکسازیی سەر بە ناوچەی جێفەرسۆن و دوو تۆمەتی ئاراستەکراوە، کە بریتین لە پێشکەشکردنی زانیاریی نادروست سەبارەت بە پلاندانان بۆ ئاگرکەوتنەوەی بە ئەنقەست و بڵاوکردنەوەی ترس.
هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەوانیی فیدراڵیی ئەمریکا رایگەیاند، بەنیازە لێکۆڵینەوە لەو رووداوە بکات کە لە گەشتێکی یوونایتد ئێرلاینزدا روویداوە.
کۆمپانیاکەش لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "فڕۆکەکە کە لە نیوارک لە ویلایەتی نیوجێرسی فڕیبوو، بە سەلامەتی نیشتەوە دوای رووداوێکی تێکدانی ئاسایش لەلایەن یەکێک لە سەرنشینەکانەوە، هێزەکانی جێبەجێکردنی یاساش لە کاتی گەیشتنی فڕۆکەکەدا چاوەڕێی بوون."
فڕۆکەکە لە جۆری بۆینگ 737 ماکس 9 بوو، 46 سەرنشین و 6 ئەندامی تیمی فڕۆکەوانیی هەڵگرتبوو. بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ناوچەی جێفەرسۆن هیچ زانیارییەکی دیکەی لەو بارەیەوە نەخستە روو.