سەرتاشخانەیەکی بەغدا نرخی سەرتاشین دەکاتە 1000 دینار

K24 – هەولێر:

خاوەنی سەرتاشخانەیەك لە شاری بەغدا، دەستپێشخەرییەكی كردووە و نرخی سەرتاشینی كردووە بە ھەزار دینار، بە گوتەی خۆی، ئامانج لەوكارەی بۆ بەرەنگاربونەوەی گرانی و ھەژارییە.

موشریق عەباس، خاوەنی سەرتاشخانەکە تایبەت بە کوردستان24ـی گووت، "دوو مانگە ئەم دەستپێشخەرییەم کردووە، خەڵکێکی زۆر کەڵکیان لێیوەرگرتووە، سوپاس بۆ خوا، نیەتمان هاوکاریکردنی خەڵکی هەژارە لەم سەردەمە گرانیەدا، هەرچەندە ئێمەش دەبێت کرێی دوکان و کارەبا و خەرجییەکانی دیکەش خۆمان بیدەین ".

هەرچەندە کردنەوەی سەرتاشخانەکە و دەسپێكردنی دەستپێشخەرییەکە تازەن، بەڵام لەلایەن زۆربەی زۆری هاووڵاتییانەوە هزرێکی پەسەندە، چونکە هاوکارییەکی داراییە بۆ خەڵکی هەژار .

فیکرەت ئە‌حمەد، هاووڵاتی، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "دەستپێشخەرییەكی زۆر باشە، لە باری قورسی سەرشانی هاووڵاتی کەم دەکاتەوە، پێموایە لە بەغدا و لە تەواوی عێراقیشدا هەڵوێستی وام نەبینیوە".