لە کەرکووک نەشتەرگەری رێککردنەوەی رەگەزی بۆ گەنجێک ئەنجامدرا

K24 – کەرکووک:

لە نەشتەرگەرییەکی دەگمەندا لەسەر ئاستی عێراق، لە نەخۆشخانەیەکی حکومی کەرکووک، نەشتەرگەری رێککردنەوەی رەگەزی بۆ گەنجێکی تەمەن 19 ساڵ ئەنجامدرا و توانرا ئەندامی مێیینەی بگۆڕن بۆ ئەندامی نێرینە.

کەسوکارەکەی ئەم گەنجە چیرۆکی ژیانی ئەم گەنجەیان بۆ کوردستان24، گێڕایەوە و گووتیان،  "ئەم گەنجە تاوەکو تەمەنی 14 ساڵی، وەکو کچێک گەورە بووە و جل و بەرگ و تەنانەت ناویشی کچانە بووە، لەگەڵ ئەوەشدا هەڵسوکەوت و حەزەکانی کوڕانە بوو".

بایسان لەوەشکرد، "کاتێک گەشتۆتە تەمەنی  14 ساڵی و سوڕی مانگانەی نەبووە، سەردانی پزیشکیان کردووە و لە پشکنیندا دەرکەوتووە کە کڕۆمۆسم و هۆڕمۆن و ئەندامەکانی ناوەوەی نێرینەن و لەبری منداڵدان و هێلەکەدان، گوونی هەیە و تەنها ئەندامی زاوزێی دەرەوەی مێینەیە".

حەیدەر وائیلی، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشی گورچیلە و میزەڕۆ، لەگەڵ تیمێکی پزیشکی نەشتەرگەرییەکەیان بۆ ئەم گەنجە ئەنجامداوە و دەڵێت: "ئەم حاڵەتە پێی دەوترێت نەشتەرگەری رێککردنەوەی رەگەزی، توانیویانە لەڕێگەی ئەو نەشتەرگەرییەوە گونی کە لە بەشی ناوەوەی جەستەیدا بووە بگوازرێتەوە بۆ دەرەوەی جەستەی و ئەندامی زاوزێی مێینەی بگۆڕن بۆ ئەندامی نێرینە، بەشێوەیەک کە دەتوانێ لەداهاتووشدا هاوسەرگیری ئەنجامبدات بەڵام توانای خستنەوەی منداڵی لاوازە".

هەروەها، ئەو پزیشکە پسپۆڕەی نەخۆشی گورچیلە و میزەڕۆ، ئاماژی بەوەشکرد، تەنیا لەماوەی شەش مانگی رابردوودا پێنج حاڵەتی لەم شێوەیەی بینیووە، بەڵام تەنیا ئەم نەشتەرگەرییەی ئەنجامداوە .

لەدوا پشکنینیدا لە شاری پزیشکی بەغدا، بریاردرابوو ئەم نەشتەرگەرییە لە دەرەوەی وڵات ئەنجامبدرێت، کە تێچووکەی 12 هەزار دۆلاربووە، بەڵام دواجار توانرا لە نەخۆشخانەی فێرکاری شاری کەرکووک نەشتەرگەرییەکە ئەنجامبدرێت.

Fly Erbil Advertisment