بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئازادی لە دهۆک منداڵەکەی لە خنکان رزگار دەکات

K24 – هەولێر:

دوای ئەوەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئازادی دهۆک خۆی و منداڵەکەی بەسەختی بریندار دەبن و لەهەمان نەخۆشخانەی حکومی کە خۆی بەڕێوەبەرە نەشتەرگەریەکان ئەنجام دەدەن و چارەسەر وەردەگرن، ئەمڕۆ وەزیری تەندروستی  بەمەبەستی هەواڵ پرسین بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئازادی فێرکاری لە شاری دهۆک بەسەرکردەوە.

ئەمڕۆ شەممە (8ـی تەمموزی 2023) لەمیانەی راگەیاندراوێکدا وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان ئاماژی بەوەدا، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی، بە یاوەری راوێژکاران و بەڕێوەبەرانی گشتی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئازادی فێرکاری لەشاری دهۆک بەسەرکردەوە و لەنزیکەوە لە رەوشی تەندروستی خۆیی و منداڵەکەی کۆڵیەوە و ئامادەیی بۆ هەر پێویستیەک دەربڕی.

لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، وەزیری تەندروستی سوپاس و دەستخۆشی بۆ تیمەکانی فریاگوزاری ئەمبوڵانس و فریاکەوتن و نەخۆشخانەکانی ئامێدی و ئازادی فێرکاری و سەنتەری دڵ و سەرجەم پزیشک و کارمەندانی بەشداربوو دەربڕی، هیوای زوو چاکبوونەوە و سەلامەتی بۆ هەردووکیان خواست.

هاوکات لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیدا هاتووە، لە سەیرانگای گەشتیاری گەلی شێرانە دوای کەوتنی "یاد سەگڤان" لەبەرزایی بۆ سەر زەوی و کەوتنی بۆ ناو ئاوی سەیرانگا و برینداربوونی بەسەختی ، دەستبەجێ "سەگڤان سلێمان دۆسکی"، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئازادی فێرکاری لەهەمان شوێن لەبەرزی نزیکەی 30 مەتر بۆ رزگارکردنی ژیانی کوڕەکەی و رێگریکردن لە ساتەوەختی گیان لەدەستدانی خۆی فڕێدەداتە هەمان شوێن و بەهەمان شێوە بەسەختی بریندار دەبێت، بەڵام منداڵەکەی لە خنکان رزگار دەکات و بەپەلە هەردوو بریندار باوک و کوڕ بە ئەمبوڵانس دەگەیەنرێنە نەخۆشخانەی ئامێدی دوای چارەسەری فریاگوزاری خێرا لە نەخۆشخانەی ئازادی لەشاری دهۆک زنجیرەیەک نەشتەرگەریان بۆ دەکرێت و لەبەشی چاودێری چڕی سەنتەری دڵ چارەسەر وەردەگرن.

z
s