ئاوات شێخ جه‌ناب: له كابینه‌ی نۆیه‌مدا داهاتی گومركه‌كان رێكخراوه‌ته‌وه و زۆر زیاتر بووه

K24 – هەولێر:
وه‌زیری دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، له چوارچێوه‌ی یاسای چاكسازیدا توانراوه زیاتر له چوار هه‌زار دوومهچهیی نه‌هێڵن، گوتیشی، یاسای چاكسازی له زۆربه‌ی سێكته‌ره‌كاندا به‌ره‌و جێبه‌جێكردنی ته‌واوه‌تی ده‌چێت.
ئاوات شێخ جه‌ناب، وه‌زیری دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له به‌رنامه‌ی باسی رۆژ كه ژینۆ محه‌ممه‌د له كوردستان24 پێشكه‌شی ده‌كات، له‌باره‌ی داهاته‌وه ئاماژه‌ی به‌وه كرد، له كابینه‌ی نۆیه‌مدا توانرا داهاته‌كان یه‌كبخرێته‌وه و بگه‌ڕیندرێته‌وه وه‌زاره‌تی دارایی، كه پێشتر سه‌رچاوه‌كانیان دیار نه‌بوو و بۆ وه‌زاره‌تی دارایی‌ش نه‌ده‌گه‌ڕایه‌وه، گوتیشی، ته‌نانه‌ت سه‌باره‌ت به داهاتی نه‌وتیش كه له لایه‌ن كۆمپانیای دیلۆیته‌وه زانیارییه‌كان ده‌خرێنه روو، به رێژه‌ی 90% شه‌فاف بووه، هه‌روه‌ها له‌باره‌ی داهاته‌كانی وزاره‌تی كاره‌باوه به هه‌مان شێوه‌یه به رێژه‌ی سه‌رووی 90% ئاشكرا و شه‌فافه.
هه‌روه‌ها وه‌زیری دارایی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان باسی له‌وه كرد، له هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا كه ناسینی داهاته‌كان بوو، خاڵه لاوازه‌كانی ئابووری هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به باج و گومرك و خه‌رجییه‌كان ده‌ركه‌وتن، بۆیه له چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ی كاری حكومه‌تدا كار كرا بۆ و هه‌نگاو نرا بۆ زیادكردنی داهاته‌كان و له به‌رامبه‌ریشدا خه‌رجییه ناپێویسته‌كان كه‌م بكرێته‌وه، له ئه‌نجامی ئه‌و ههنگاوانهیشدا توانرا له بواری نه‌وتدا داهات به‌هۆی كۆمه‌ڵیك هۆكاری تایبه‌تی و گشتییه‌وه زیاد بكرێت، ته‌نانه‌ت له كابینه‌ی نۆیه‌مدا پێشه‌كی به كۆمپانیا نه‌درا، به‌ڵكو ده‌ستكرا به دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانیش.
روونیشكرده‌وه له گۆڕینی دۆلار به دینار ئه‌گه‌ر قۆرخكارییهك هه‌بووبێت، له كابینه‌ی نۆیه‌مدا ئه‌و قۆرخكارییه كۆتاییپێهات، گوتیشی، له‌سه‌ر ئاستی داهاتی ناوخۆدا توانراوه گومركه‌كان زیاتر بكرێن، به‌مه‌یش توانرا جۆرێك سه‌قامگیری له ژیانی ئابووری و دارایی هه‌رێمی كوردستان دروست بكرێت.
سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌یش راكێشا، كه یاسای چاكسازی رۆڵێكی كاریگه‌ری هه‌بوو به‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه و نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی، گوتیشی، جگه له ده‌رماڵه كه په‌یوه‌ندی راسته‌خۆی به ژیانی هاووڵاتییانه‌وه هه‌یه، ئه‌گه‌رنا له سه‌رجه‌می سێكته‌ره‌كانی دیكه‌دا یاسای چاكسازی به رێژه‌ی نزیك له كۆتایی له ته‌واوبووندایه. جه‌ختیشیكرده‌وه، كه له كابینه‌ی نۆیه‌م و به‌هۆی یاسای چاكسازییه‌وه كۆتایی به دوومووچه‌یی هاتووه و خانه‌شینی پله‌تایبه‌ت نه‌ماوه.
وه‌زیری دارایی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان باسی له‌وه كرد، تا ئێستا توانراوه 4182 مووچه یه‌كلاییكراوه‌ته‌وه، كه مووچه‌ی نایاسایی بووه، روونیشیكرده‌وه، كه ئه‌گه‌ر له دوای 1ـی ته‌ممووزی 2020 ئه‌و مووچانه وه‌رگیرابن، له خاوه‌نه‌كانیان وه‌رده‌گیرێته‌وه، له‌باره‌ی پله تایبه‌تیشه‌وه گوتی، له سه‌رووی هه‌زار كه‌س پله‌تایبه‌ت بووه و مووچه‌كانیان له كابینه‌ی نۆیه‌مدا راست كراوه‌ته‌وه.
هه‌روه‌ها ئاوات شیخ جه‌ناب سه‌باره‌ت به مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له كابینه‌كانی پێشوودا گوتی، كاتێك كابینه‌ی نۆیه‌م ده‌ستبه‌كار بوو، سێ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی كوردستان نه‌درابوو، كه ئه‌مه‌یش بووه قه‌رز و كه‌وته ئه‌ستۆی كابینه‌ی نۆیه‌م، روونیشیكرده‌وه، كابینه‌ی نۆیه‌م له كۆی 48 مووچه كه ده‌بوو له ماوه‌ی چوار ساڵدا به بیدات، توانیویه‌تی 43 مووچه به ته‌واوه‌تی بدات و ئه‌و پێنجه‌ی ده‌مێنێته‌وه، ده‌كه‌وێته ناو چوارچێوه‌ی ئه‌و بارودۆخه‌ی به‌هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وت و كۆرۆنا و بڕینی شایسته‌كانی هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌غداوه دروست بوو.
سه‌باره‌ت به رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ عێراقی فیدڕاڵ و په‌سندكردنی بوودجه‌ی گشتی، رایگه‌یاند، چاوه‌ڕانی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق ده‌كه‌ن بۆ ناردنی به‌شه‌بوودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان، گوتیشی، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پلانه‌كانی بۆ فراوانكردن هه‌مه‌جۆركردنی داهاته‌كانی زۆرن، به‌ڵام بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ژێرخانێكی ئایینده‌یی داناوه و له ئێستادا وه‌كو پێویست ئه‌كتیڤ نابێت و دواتر رۆڵی خۆیان له ئابووری هه‌رێمدا ده‌گێڕن.
روونیشیكرده‌وه، له ساڵی 2022ـدا داهاتی گومركی هه‌رێمی كوردستان بووه‌ته تریلیۆنێك و شه‌ش سه‌د و حه‌فتا و هه‌شت ملیار دینار، له كاتێكدا له 2019ـ نزیكه‌ی نۆ سه‌د ملیار دینار بووه، گوتیشی، هۆكاری زیادبوونی ئه‌و داهاته چه‌ند لایه‌نێك ده‌گرێته‌وه، له‌وانه نه‌هێشتنی قۆرخكاری و كه‌مكردنه‌وه‌ی رۆتین، تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌یش كه له‌و كابینه‌یه‌دا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاودێری گومركی زیندوو كراوه‌ته‌وه.