پارێزگاری نوێی کەرکووک داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات سەردانی شارەکە بکات
دوای هەڵبژاردنی لە لایەن ئەنجوومەنی پارێزگاوە، پارێزگاری نوێی کەرکووک بەڵێن دەدات دەنگی کورد و عەرەب و تورکمان و کلد و ئاشوورییەکان بێت، هاوکات داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات سەردانی شارەکە بکات و پشتیوانییان بێت بۆ رەخساندنی هەلی کار، چارەسەرکردنی کێشەی وانەبێژان، گرێبەستەکانی نەوتی باکوور، دابەشکردنی زەوی و دۆسیەی وزە و کارەبا.
ئەمڕۆ شەممە، 14ی تشرینی دووەمی 2026، قەحتان وەنداوی، پارێزگاری نوێی کەرکووک دوای هەڵبژاردنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەڵبژاردنیان وەک پارێزگار هەنگاوێکە بۆ پابەندبوون بە رێککەوتن و لێکتێگەیشتنە سیاسییەکان و بە شانازییەوە ئەو ئەرکە نیشتمانی، مرۆیی و خزمەتگوزارییە جێبەجێ دەکات.
پارێزگاری نوێی کەرکووک پشتیوانیی خۆی بۆ دیدگا و بەرنامەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دووپات کردەوە و روونیشی کردەوە، پەیامێکی یەکگرتوو ئاراستەی سەرۆکوەزیران دەکەن بۆ ئەوەی سەردانی کەرکووک بکات و پشتیوانییان بێت لە داڕشتنی چارەسەر بۆ کێشە و ئاڵنگارییەکانی شارەکە، تا خواستی سەرجەم پێکهاتەکان بهێنرێتە دی.
وەنداوی بەڵێنی دا ببێتە دەنگی هەموو خەڵکی کەرکووک لە عەرەب، کورد، تورکمان، کلد و ئاشوورییەکان، ئەوەشی خستەروو، بە یارمەتیی خوا لەگەڵ تیمی حکوومی، ئەنجوومەنی پارێزگا، وەزیرانی خەڵکی کەرکووک و نوێنەرانی شارەکە لە ئەنجوومەنی نوێنەران کار دەکات بۆ دۆزینەوەی چارەسەر لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی.
لەبارەی کاری لەپێشینەی داهاتووشەوە، قەحتان وەنداوی رایگەیاند، کار دەکەن بۆ دابینکردنی هەلی کار، چارەسەرکردنی دۆسیەی وانەبێژە خۆبەخشەکان، گرێبەستەکانی کۆمپانیای نەوتی باکوور و دۆسیەی دواکەوتووی زەویی رۆژنامەنووسان، هەروەها جێبەجێکردنی پرۆژەی یەک ملیۆن پارچەزەویی نیشتەجێبوون بە تەبایی و لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا بۆ ئەوەی توێژە شایستەکان ببنە خاوەنی شوێنی نیشتەجێبوون.
ئەمڕۆ شەممە، 14ـی تشرینی دووەمی 2026، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە کۆبوونەوەیەکی نائاساییدا، قەحتان وەنداوی، کاندیدی بەرەی تورکمانی وەک پارێزگاری نوێ هەڵبژارد. لە کۆی 15 ئەندامی ئەنجوومەنی ئامادەبوو، 14 ئەندام بە بەڵێ دەنگیان بە وەنداوی دابوو و دەنگێکیش پووچەڵ بوو.
شێخ زاهر عاسی، ئەندامی فراکسیۆنی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، رێککەوتن هەیە و گەرەنتییان پێ دراوە، لە 01-01-2027ـەوە پۆستی پارێزگار بە پێکهاتەی عەرەبی بدرێت، واتا پارێزگای نوێی تورکمان تا سەری ساڵ دەستبەکاردەبێت و دواتر دەستلەکاردەکێشێتەوە.
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 16 کورسی پێک دێت، لە هەڵبژاردنی 18ی کانوونی یەکەمی 2023دا، لایەنە کوردییەکان حەوت کورسی (پێنج یەکێتی و دوو پارتی)، پێکهاتەی عەرەب شەش کورسی، بەرەی تورکمانی دوو کورسی و پێکهاتەی کریستیان یەک کورسییان بەدەست هێنا.
بە گوێرەی رێککەوتنی دابەشکردنی دەسەڵات لە نێوان لایەنەکاندا لە ساڵی 2024، پۆستی پارێزگاری کەرکووک بە خولی بەڕێوە دەبرێت، سەرەتا رێبوار تەها لە ئابی 2024ـەوە تا نیسانی 2026 بۆ ماوەی 20 مانگ پارێزگار بوو، پاشان لە نیسانی 2026 پۆستەکە درایە پێکهاتەی تورکمان و محەممەد سەمعان وەک پارێزگار هەڵبژێردرا.
دوای ئەوەی لە 15ی تشرینی یەکەمی 2026 محەممەد سەمعان ئاغا وەک وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە کابینەی حکوومەتی عێراقدا سوێندی یاسایی خوارد، پۆستی پارێزگار بەتاڵ بوو و رێبوار تەها وەک کاربەڕێکەر کاروبارەکانی بەڕێوە برد. هەرچەندە بڕیار بوو لە 11ی تشرینی دووەمی 2026 دانیشتنی هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ بکرێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانەوە دواخرا.