لایەنە شەڕکەرەکانی سوودان پەنا دەبەنە بەر سۆشیال میدیا
K24- هەولێر
شەڕی سوودان شایەنی ئەوەیە ناوی "شەڕی سمارتفۆن" بێت، چونکە بەم ئامێرانە ڤیدیۆ راستەوخۆی شەڕەکان بڵاودەکرێنەوە، راستییەکانی شەڕ و رووبەڕووبوونەوەکان ئاشکرا دەکرێن، بەشێکی زۆری ئەو شتانەی لە میدیاکانەوە بڵاودەکرێنەوە یان درۆیە یان بۆ خزمەتکردنی ئەجێندای شەڕی یەکێک لە لایەنە شەڕکەرەکانە.
دواهەمین شەڕەکان کە شەرقولئەوسەت چاودێری کردووە، سۆشیال میدیایی لایەنگری سوپا زانیارییان لەسەر چاکبوونەوەی بینای رادیۆ و تەلەفزیۆنی نیشتمانی بڵاوکردەوە، بەڵام سوپا هیچ راگەیەندراوێکی بڵاو نەکردەوە کە هەواڵەکە پشتڕاست بکاتەوە یان رەتی بکاتەوە دواتر خەڵک بۆیان دەرکەوت کە هەواڵەکە چەواشەکارییە.
دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە لەلایەن لایەنگرانی سوپاوە، لایەنگرانی هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەخێرایی گرتەیەکی ڤیدیۆیییان بڵاوکردەوە کە چەکدارانی هێزەکانی پشتیوانی خێرا، لەناو باڵەخانەی رادیۆ و تەلەفزیۆن دەردەکەون.
چاودێران کە قسەیان لەگەڵ شەرقولئەسەت کردووە، دووپاتیان کردۆتەوە کە ئەو گرتە ڤیدیۆییەی کە بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاوبووەتەوە کە ئاماژەیە بۆ ئەوەی سوپا بینای ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی نیشتمانی کۆنترۆڵکردووە، درۆیە، یان ڕەنگە سوپا بۆ ماوەیەک کۆنترۆڵی بیناکەی گرتبێت و دواتر دواتر لێی کشابێتەوە، گوتیشیان: "وەڵامی هێزەکانی پشتیوانی خێرا، لە ناو بیناکەوە، یەکلاکەرەوە بوو.
پێکدادانەکانی نێوان هەردوولا لە دەوروبەری بیناکە یەکەم جار نیە،هەروەها کەس دڵنیا نییە چی بەسەر بیناکە و ئەرشیفە گرنگەکەیدا هاتووە.
لە ئەنجامی نەبوونی میدیای فەرمی دەوڵەت، رێگەی بۆ پلاتفۆرمی سۆشیاڵ میدیایی دیکە کردەوە کە زاڵ بن بەسەر گۆڕەپانەکەدا، لە هەمان کاتیشدا رۆژنامە سەربەخۆکان وەستاون.
سەرچاوەکان بە شەرقولئەسەتیان گووت: ئەم هەڵمەتە لە لایەن حزبی کۆنگرەی نیشتیمانی و لایەنگرانی عومەر بەشیر، سەرۆکی لەکارلادراوی سوودان ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەوەی کەشوهەوایەکی وا دروست بکەن، تاوەکو بتوانن جارێکی دیکە بگەڕێنەوە سەر دەسەڵات و دروشمەکانیان ئەوەیە یان "حکومتان دەکەین یان دەتانکوژین".
رۆژنامەنووس، ماهر ئەبو ئەلجوخ، بە شەرقولئەوسەتی راگەیاند، راستییەکانی ئەو شەڕەی کە نزیکەی 90 رۆژە بەردەوامە، ئاماژە بەوە دەکەن کە هێزی پشتیوانی خێرا زۆرترین بەکارهێنانیان هەیە لە "سۆشیال میدیا"دا، و بەشێک لە چەکدارەکانیان، پەیوەندییان بە سۆشیال میدیا ( فەیسبووک، تیک تۆک، تویتەر، و واتسئەپ)ەوە هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانی پشتیوانی خێرا، بە دوو رێگادا دەڕۆن، یەکەمیان چالاکیەکانیان لە لاپەڕەی هێزەکانیاندا بڵاودەبێتەوە، دووەمیان لە لاپەڕەی لایەنگرەکانیان بڵاودەکرێتەوە.