بەهۆی باران بارین و لافاوەوە باری نائاسایی لەویلایەتێکی ئەمەریکا راگەیەندرا
K24 - هەولێر
بە هۆی باران بارینی بەخوڕ و دروست بوونی لافاو لەویلایەتی ڤێرمۆنت، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا باری نائاسایی کە ویلایەتەکە راگەیاند.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات کە بەرپرسان هۆشدارییان دا کە ئاستی ئاوی بەنداوێکی نزیک لە مۆنپیلیای پایتەختی ویلایەتەکە لە بەرزترین ئاستی خۆی نزیک بووەتەوە و خەریکە سەرڕێژ دەبێت.
ویلیام فرایزەر سەرۆکی ئەنجومەنی شارۆچکەی مۆنپیلیێر لەراگەیاندراوێکدا رایگەیاند، ئاستی ئاوی بەنداوی رایتسڤیل زۆر بەرزبووەتەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، "لەو کاتەوەی بەنداوەکە دروستکراوە، ئەمە رووی نەداوە، بۆیە هیچ پێشینەیەک نییە لە ئەگەری روودانی زیانەکانی".
تا ئێستا هیچ هەواڵێکی گیانلەدەستدان و برینداربوون لەو ویلایەتە نەبووە بەهۆی ئەو بارانبارینەوە، کە بەرپرسان دەڵێن، بووەتە هۆی دروستبوونی لافاو لە ناوەندی شاری مۆنپیلیێر کە شارێکی هەشت هەزار کەسییە.
بەپێی ئامارەکانی کەشناسی نیشتمانی، بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ کە لە هەندێک شوێن 20 سانتیمەتری تێپەڕاندووە، دەشڵێت: رۆژی یەکشەممە بەهۆی لافاوەکەی نیویۆرک ئافرەتێک گیانی لەدەستدا.
زۆربەی ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی ئەمەریکا لەوانە، نیویۆرک، نیوجرسی، کۆنێتیکت، پێنسیلڤانیا، ماساشوستس و ڤێرمۆنت، رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە بارانێکی بەخوڕ باریووە و بوەتە هۆی دروستبوونی لافاو لەو شوێنانە.