هیندستان؛ پیاوێك بە فێڵ هاوسەرگیری لەگەڵ 15 ژندا دەکات
K24 - هەولێر:
پیاوێک لە هیندستان بە فێڵ هاوسەرگیری لەگەڵ 15 ژندا دەکات و دەست بەسەر پارەکانیاندا دەگرێت، بەڵام دواتر لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەوە دەستگیر دەکرێت.
وەک لە رۆژنامەی ئیندپێندتی بەریتانی ئاماژەی پێکراوە، ئەو پیاوە ناوی (ماهایش کبنایاک)ـە و لەرێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پێگە ئۆنلاینەکانی یەکترناسینەوە ئەو ژنانەی ناسیوە.
ئەو پیاوە هیندییە لەلای بەشێک لە ژنەکان وەک پزیشک خۆی ناساندووە و لەلای هەندێكی دیکەیان گوتوویەتی کە ئەندازیارە، تەنانەت کلینیکێکی وەهمی کردووەتەوە و پەرستارێکی دامەزراندووە، تا قسەکانی بۆ ژنەکان پشتراست بکاتەوە.
ماهایش کبنایاک ئەو ژنانەی بە ئامانج گرتووە کە لەڕووی ئابووریەوە سەربەخۆن و ژیانی هاوسەرییان پێکنەهێناوە یان لە هاوسەرەکانیان جیابوونەتەوە.
بەپێی هەواڵێكی رۆژنامەی ئیندپێندت، رووداوەکە لە شاری توماکورو لە ویلایەتی کارناتاکا لە باشووری هیندستان روویداوە، هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەو پیاوە سەرەڕای بانگەشەکانی کە هەندێک جار گوتوویەتی پزیشکە یان ئەندازیارە، بەڵام زمانی ئینگلیزی بە باشی نازانێت بەهۆی ئەوەی تا پۆلی پێنجی سەرەتایی خوێندووە.
بە گوێرەی میدیا ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتە، دواجار پیاوە هیندییەکە لەسەر سکاڵای یەکێک لەو ژنانە دەستگیرکراوە و دواتر فێڵەکانی ئاشکرا بووە.