بەهای دۆلار جارێکی دیکە لە بازاڕەکانی هەولێر و بەغدا بەرزدەبێتەوە

دۆلاری ئه‌مه‌ریكی به‌رامبه‌ر به‌ دراوی عێراقی
دۆلاری ئه‌مه‌ریكی به‌رامبه‌ر به‌ دراوی عێراقی

K24 - هەولێر:

بەهای دۆلار لە مامەڵەکانی ئەمڕۆیدا بەرانبەر بە دیناری عێراقی جارێکی دیکە ئاڕاستەی بەرزبوونەوەی وەرگرت.

بەهای 100 دۆلار لە بازاڕەکانی هەولێر و بەغدا بۆ سەرووی 148 هەزار دینار بەرزبووەوە.

لە مامەڵەکانی ئەمڕۆدا بەهای 100 دۆلار بۆ 148 هەزار و 275 دینار بەرزبووەوە و لە بۆرسەی کیفاحیش لە بەغدا بۆ 148 هەزار و 100 دینار بەرزبوونەوەی تۆمار کرد.

ئەو بەرزبوونەوەیە لە کاتێکدایە، لە مامەڵەکانی دوێنێ سێشەممەدا 100 دۆلاری ئەمەریکی لە ئاستی 147 هەزار و 850 دینار لە هەولێر و بەغدا مامەڵەیان پێوەدەکرا.

لەلایەکی دیکەوە، هەفتەی رابردوو بانکی ناوەندی عێراق بە ئامانجی بەرزکردنەوەی بەهای دینار دوو راگەیەندراوی جیاوازی دەرکرد و بڕیاریدا پشکی گەشتیاران لە 2 هەزارەوە بۆ 3 هەزار دۆلار بەرزبکاتەوە. هەروەها پشکی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە جۆری B لە 500 هەزار دۆلارەوە بۆ 750 هەزار دۆلار بەرزبکاتەوە.

لەگەڵ ئەوەی ئەو بڕیارە لە دەستپێکی ئەم هەفتەیەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبووە لە هەندێک شوێنی بەغدا نرخی کڕینی دۆلار گەیشتووەتە 149 هەزار دینار و بە 147 هەزار دیناریش دەیفرۆشن.