ئێران... سادق زیبا کەلام لەسەر تویتێک سزای یەک ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا
K24 - هەولێر
مامۆستایەکی ناسراوی ئێرانی رایگەیاند، کە حوکمی یەک ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنراوە بەبێ ئەوەی تۆمەتەکەی بۆ روونبکرێتەوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە تویتێکی سەبارەت بە ژەهراویکردنی کچە خوێندکارەکانی ئەو وڵاتە کردبوو.
بەگوێرەی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، مامۆستا سادق زیبا کەلام، مامۆستای پێشووی زانستە سیاسییەکان، راستەوخۆ حکومەتی ئێرانی بەوە تۆمەتبار نەکردووە کە لەپشت ژەهراویکردنی کچانی قوتابخانەکاندایە.
زیبا کەلام لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر نووسیویەتی "لە ساڵی 1979 بە توندی باوەڕمان بەوە هەبوو کە ئەو سیستەمەی جێگەی سیستەمی شاهانە دەگرێتەوە نەک تەنها بۆ مرۆڤایەتی رۆژئاوا، بەڵکو بۆ سۆسیالیزمی رۆژهەڵات باشتر دەبێت، وەک مۆدێلێکی نوێ بۆ مرۆڤایەتی بیری لێکرایەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەگەر کەسێک پێی بڵێین، دوای 44 ساڵ کچان دەبنە قوربانی ژەهراویبوون، وەڵاممان چی دەبێت؟.
دادگای گشتی ئێران، زیبا کەلامی بە بڵاوکردنەوەی درۆ بە ئامانجی وروژاندنی بیروڕای گشتی تۆمەتبار کرد، کە تۆمەتێکی ناروون بووە بەرامبەر بە زۆرێک لە رۆژنامەنووسان.
دوای دوو مانگ لە دەستپێکردنی ناڕەزایەتی جەماوەری لە ئێران، دوای گیانلەدەستدانی مەهسا ئەمینی، حاڵەتی ژەهراویبوونی کچانی قوتابخانەکان لە شارە جیاجیاکان سەری هەڵدا.
چەند رۆژێک دوای تویتەکەی زیبا کەلام، لە مانگی ئاداری رابردوودا، دەسەڵاتدارانی ئێران دەستگیرکردنی زیاتر لە 100 کەسیان راگەیاند، ئەمەش لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە زنجیرەیەک حاڵەتی ژەهراویبوونی سەدان قوتابی کچی قوتابخانەکان، کە دواتر توڕەیی هاووڵاتیانی ئێرانی لێکەوتەوە.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەدا کە "لە نێو ئەوانەی دەستگیرکراون کەسانێک بوون، کە بە مەبەستی دوژمنکارانە و بە ئامانجی بڵاوکردنەوەی تیرۆر و ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو هاووڵاتیان و قوتابیان و داخستنی قوتابخانەکان و دروستکردنی گومان بەرامبەر بە دەوڵەت ئەو کارەیان کردووە.
ئەمە یەکەم سزا نییە دژ بە مامۆستاکەی پێشووی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی تاران، بەو پێیەی ئەو سزایەکی هاوشێوەی بەسەردا سەپێنرابوو بەبێ ئەوەی جێبەجێ بکرێت.
ساڵی 2014، زیبا کەلام تەمەن 75 ساڵ، سزای 18 مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، چونکە پرسیاری ئەو سوودەی کردبوو، کە ئێران دەتوانێت لە بەرنامە ئەتۆمییەکەیدا بیچنێتەوە، لەبارەی سزای لەسێدارەدانی بەرپرسێکی بانکی کە بەهۆی گەندەڵیەوە لەسێدارەدرا.
بە گوتەی گاردیان، هەرچەندە دادگای تێهەڵچوونەوە سزای زیندانی پێشووی پەسەند کردبوو، بەڵام جێبەجێ نەکرا و رازی بوو کە رێگری لێکرا لە وانەوتنەوە لە زانکۆی تاران.