سوپای پاسداران: دوو تانکەری نەوت لە گەرووی هورمز تەقینەوە
هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە ماوەی چەند کاتژمێری رابردوودا دوو تانکەری نەوت لە گەرووی هورمز بەهۆی بەرکەوتنیان بە مینی دەریایی تووشی تەقینەوەی بەهێز بوون، و ئاشکراشی کرد کە یەکێک لە تانکەرەکان کە سوپەرتانکەر بووە و زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی هەڵگرتبوو، بە تەواوی ژێرئاو کەوتووە.
یەکشەممە 15ـی تشرینی دووەمی 2026، پەیوەندییە گشتییەکانی هێزی دەریایی سوپای پاسداران لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو دوو کەشتییە لە رێڕەوی باشووری گەرووی هورمز جووڵاون کە لەلایەن تارانەوە وەک رێڕەوێکی نایاسایی و ناوچەی قەدەخەکراو دیاری کراوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، تانکەرەکان بە پاڵپشتیی سوپای ئەمەریکا سەرجەم سیستەمەکانی ناسینەوە و دیاریکردنی شوێنی خۆیان کوژاندبووەوە تاوەکو بە شێوەیەکی نهێنی بە نێو گەرووەکەدا تێپەڕ بن، بەڵام بەر مینی دەریایی کەوتوون و دوای تەقینەوەیەکی زۆر بەهێز، گڕیان گرتووە.
سوپای پاسداران ئاشکرای کردووە کە یەکێک لەو دوو کەشتییە سوپەرتانکەر بووە و دوای تەقینەوەکە و ئاگرکەوتنەوەیەکی قورس، لە ئاوەکانی باشووری کەنداودا بە تەواوی ژێرئاو کەوتووە، هاوکات هۆشداریی دایە ماسیگرانی ناوچەکە تاوەکو لە کاتی راوکردندا رەچاوی رێکارە سەلامەتییەکان بکەن بۆ ئەوەی بەر پاشماوەی کەشتییە نوقمبووەکە نەکەون.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەیدا، هێزی دەریایی سوپای پاسداران هۆشداریی توندی دایە خاوەنانی تانکەرەکان، بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکانی کەشتیوانی و دەریاوانان لەوەی نزیکی ناوچە قەدەخەکراوەکانی گەرووی هورمز نەکەونەوە، و هەڕەشەی ئەوەی کرد کە هەر کەشتییەک پابەندی رێنمایی و رێڕەوە دیاریکراوەکانی ئێران نەبێت و بە پشتیوانیی سوپای ئەمەریکا هەوڵی تێپەڕبوون بدات، هەمان چارەنووسی بەسەردێت.