وەزارەتی کارەبا: چەند یەکەی نوێی بەرهەمهێنانی کارەبا بەگەڕ دەخرێن

.
.

K24 - هەولێر:

بۆ دابینکردنی کارەبایەکی باشتر بۆ هاووڵاتیان چەند یەکەی نوێی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و دابەشکردنی کاربا لە پارێزگا و ناوچە جیاوازەکانی هەرێم بەگەڕ دەخرێن.

وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری کارەبا سەردانی کۆنترۆڵی کارەبای هەرێمی کرد و لە نزیکەوە ئاگاداری سیستەمی کۆنترۆڵی کارەبا لە وەرزی گەرمای هاوین و بەرزبوونەوەی خواست لەسەر کارەبا بوو.

ئاماژە بەوەشدراوە، وەزیری کارەبا هەر لەم سەردانەدا، بۆ دابینکردنی کارەبایەکی باشتر بۆ هاووڵاتیان بڕیاریدا چەند یەکەی نوێی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و دابەشکردنی کاربا لە پارێزگا و ناوچە جیاوازەکانی هەرێم بەگەڕ بخرێن و کەموکورییەکانیان چارەسەر بکرێن.

وەک لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی کارەبادا هاتووە، بریکاری وەزارەت و بەڕێوەبەرانی گشتیی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی کارەبا لەم سەردانەدا یاوەری وەزیری کارەبا بوون و، وردەکارییەکانی سیستەمی کۆنترۆڵی کارەبا لە لایەن راوێژکاران و ئومێد ئەحمەد بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای هەرێم خرانەڕوو.