سەرۆکوەزیران پیرۆزبایی لە زۆم دەکات؛ "کوالێتیی بەرهەمی کوردستانی بە جیهان ناساندووە"
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە کۆمپانیای "زۆم" دەکات بەبۆنەی بەدەستهێنانی خەڵاتێکی نێودەوڵەتی لە وڵاتی فەرەنسا و دەستکەوتەکەی بە "شانازییەکی نیشتمانی" ناو دەبات.
لە نامەیەکدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پیرۆزبایی گەرمی لە بەڕێوەبەر و کارمەندانی کۆمپانیای "زۆم" کرد بە بۆنەی بەدەستهێنانی خەڵاتی نێودەوڵەتیی (2026 Consumer GRANDS PRIX) لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا کە رۆژی پێنجشەممە، 05ـی تشرینی دووەم، لەلایەن گرووپی جیهانیی (TOP COM) پێیان بەخشراوە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رۆڵی کۆمپانیای "زۆم"ـی لە گەشەپێدانی کەرتی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و رەخساندنی هەلی کار و پاڵپشتیکردنی گوندنشینان، هەروەها بۆ بەرزکردنەوەی کوالێتیی بەرهەمی کوردستان لەسەر ئاستی جیهانی؛ بەرز نرخاند.
لە بەشێکی دیکەی نامەکەیدا مەسرور بارزانی ئەوەی خستەڕوو، حکوومەت بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی پڕۆژە نیشتمانییەکان بۆ بەدیهێنانی گەشەپێدانی ئابووری و ناساندنی زیاتری بەرهەمی ناوخۆیی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
کارگەی زۆم بۆ بەرهەمە شیرەمەنییەکان، یەکێکە لە گەورەترین پڕۆژەکانی بواری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری لە هەرێمی کوردستان و بنکەی سەرەکیی دەکەوێتە گوندی ژاژووک لە قەزای مێرگەسۆر. بەردی بناخەی ئەم کارگەیە لە ساڵی 2020 دانرا و لە ئایاری ساڵی 2023 بە فەرمی لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە کرایەوە.
ئامانجی سەرەکیی پڕۆژەکە کۆکردنەوەی شیری ئاژەڵدارانی ناوچەکەیە لە رێگەی دەیان بنکەی وەرگرتنی شیرەوە، ئەمەش بووەتە سەرچاوەیەکی گرنگی داهات بۆ هەزاران خێزانی گوندنشین و رەخساندنی سەدان هەلی کار. کۆمپانیاکە بەرهەمە ئۆرگانیکەکانی وەک ماست، شیر، پەنیر و قەیماخ بەرزترین کوالێتی دەخاتە بازاڕەوە و پێشتریش چەندین خەڵاتی لەسەر ئاستی عێراق و نێودەوڵەتی بەدەستهێناوە بۆ باشترین بەرهەمی خۆماڵی.