لووتکەی سەرکردەکانی جیهان لە تورکیا بەڕێوەدەچێت

لووتکەی سەرکردەکانی جیهان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا لە شاری ئەنتالیای تورکیا بە بەشداریی زیاتر لە 100 سەرۆک و سەرکردە بەڕێوەدەچێت، هاوکات شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بۆ خستنەڕووی مەترسییە ژینگەییەکانی ناوچەکە لەو لووتکەیەدا بەشدارە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2026، لە شاری ئەنتالیای تورکیا لە چوارچێوەی 31ـەمین کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا (COP31) کارەکانی لووتکەی سەرکردەکانی جیهان بەڕێودەچێت.

ئەم لووتکەیە بە بەشداریی زیاتر لە 100 سەرۆک و سەرکردە و لەژێر چاودێریی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بەڕێوەدەچێت.

لووتکەی سەرکردەکان هەستیارترین و گرنگترین بەشی کۆنفرانسەکەیە و بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت. تێیدا بڕیاربەدەستانی باڵای جیهان کۆدەبنەوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی چارەنووسساز سەبارەت بە کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا. 

لە لووتکەی ئەم دوو رۆژەی سەرکردەکاندا، 102 سەرۆک و سەرکردەی جیهان لەگەڵ نوێنەرانی 196 دەوڵەت و یەکێتیی ئەوروپا ئامادەن، هەروەها زیاتر لە 300 وەزیر و ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان و بانکی جیهانی و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە بەشدارن. هاوکات شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لە لووتکەکەدا ئامادەیە بۆ خستنەڕووی دیدگا و مەترسییە ژینگەییەکانی ناوچەکە.

کارنامەی سەرەکیی سەرکردەکان لە ماوەی ئەم دوو رۆژەدا لەسەر چەند دۆسیەیەکی ستراتیژیی جیهانی چڕ دەبێتەوە، لەوانە خێراکردنی پڕۆسەی گواستنەوە بەرەو وزەی پاک، جێبەجێکردنی پڕۆژەی پاشماوەی سفر، دەستەبەرکردنی ئاسایشی خۆراک و بنیاتنانی شارە خۆڕاگرەکان بەرانبەر گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا. هاوکات پەرەپێدانی پیشەسازیی سەوز و پاراستنی ژینگەی دەریا و زەریاکان لەگەڵ بەهێزکردنی کەرتی تەندروستی بەرانبەر هەڕەشە ژینگەییەکان تاوتوێ دەکرێن.

ئەمە لە کاتێکدایە کۆی کارەکانی کۆنفرانسی COP31 بۆ ماوەی 12 رۆژ بەردەوام دەبێت و تورکیا بۆ یەکەمجارە میوانداریی دەکات.