ئەمریکا: پشتگیری لە هەرێمی کوردستانێکی بەهێز و یەکگرتوو دەکەین
تۆم بەڕاک، نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و سووریا، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پابەندیی وڵاتەکەی بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستانێکی بەهێز و یەکگرتوو دووپات کردەوە.
تۆم بەڕاک، نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و سووریا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس وێنەیەکی خۆی لەگەڵ دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکردووەتەوە و لەسەری نووسیوە گفتوگۆیان سەبارەت بە داهاتووی هەرێمی کوردستان کرد.
تۆم بەڕاک، هەروەها نووسیویەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتگیری لە هەرێمی کوردستانێکی بەهێز و یەکگرتوو دەکات کە رەنگدانەوەی فرەییی هەرێمەکە بێت. هەروەها نووسیویەتی وەک ئەوەی گفتوگۆیان کرد، یەکگرتوویی هەمیشەیی تەنیا بە شێوەیەک دەستەبەر دەبێت کە دەسەڵاتەکان شۆڕ بکرێنەوە، دەسەڵاتی خۆجێیی بەهێز بکرێت، دامەزراوەکان پتەوتر بکرێن و شەفافییەتی زیاتر پەرەی پێ بدرێت.