ئهمەریكا: بڕیارهكهی رووسیا بۆ كشانهوه لە رێککەوتننامەی دانەوێڵه نابەرپرسیارانە و مەترسیداره
K24 - هەولێر
کۆشکی سپی بڕیارهكهی رووسیا بۆ كشانهوه لە رێککەوتننامەی رێڕەوی دانەوێڵەی دەریای رەش بە "نابەرپرسیارانە و مەترسیدار" ناو دهبات و ئاشكرایكرد، کاریگەرییە نەرێنییەکانی زیان بە مرۆڤایهتی لە سەرانسەری جیهاندا دهگهیهنێت.
لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیدا، جۆن کێربی رێکخەری پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی، بڕیاری کشانەوەی رووسیای لە رێککەوتننامەی رێڕەوی دانەوێڵەی دەریای رەش بە "نابەرپرسیارانە و مەترسیدار" ناوبرد و جهختی لهوهكردهوه ئەم بڕیارە دەبێتە هۆی خراپتركردنی دۆخی نهبوونی خۆراک و زیان بە ملیۆنان کەسی بێدهرهتان لە سەرانسەری جیهاندا دەگەیەنێت.
کێربی ئاماژەی بهوهكرد دەستپێشخەریی رێڕەوی دانەوێڵەی دەریای رەش "بۆ کەمکردنەوەی نرخی خۆراک، کە بەهۆی جهنگی بێبهزهییانهی رووسیا بۆ سهر ئۆکراینا بەرزبووەتەوە، گرنگییهكی ئێجگار زۆری ههیه" و ئاماژەی بە بایهخی دهستپێشخهرییهكه بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتوو و هەژار كرد.
رێکخەری پەیوەندییە ستراتیجییەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی باسی لهوه كرد، "بڕیاری سهرلهنوێ دەستپێکردنەوەی گەمارۆی کاریگەری رووسیا لەسەر بەندەرەکانی ئۆکراینا و رێگرییکردن لە گەیشتنی دانەوێڵە به بازاڕهكانی جیهان" کاریگەری لەسەر دانیشتووانی هەموو جیهان دەبێت و رایگهیاند: "رووسیا بە تەواوی و به تایبهتی بەرپرسیار دەبێت لە دەرئەنجامەکانی ئەم پهلاماره سهربازییه".
ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ دووشەممە 17ـی تەممووزی 2023، دیمتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیا "کریملن" لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی "ئەگەری درێژکردنەوەی رێککەوتنی دانەوێڵە" لە نێوان رووسیا-تورکیا- ئۆکرانیا بۆ میدیاکان قسەیکرد و رایگەیاند، رووسیا رێککەوتنی دانەوێڵەی وەستاندووە و، هەر کاتێک بەشی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی دانەوێڵەدا جێبەجێکرا، مۆسکۆ دووبارە دەگەڕێتەوە نێو رێککەوتنەکەدا.