بایدن داوا لە ناتانیاهۆ دەکات سەردانی ئەمەریکا بکات

بایدن و ناتانیاهۆ
بایدن و ناتانیاهۆ

K24 - هەولێر

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا بانگهێشتی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی کرد، بۆ ئەوەی سەردانی ئەمەریکا بکات، ئەمەش یەکەمجارە لەدوای گەڕانەوەی نەتانیاهۆ بۆ پۆستەکەی لە کۆتایی ساڵی رابردوودا.

نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، سەرۆک جۆو بایدن بانگهێشتی ناتانیاهۆی کردووە بۆ ئەوەی بەم زووانە کۆبوونەوەیەک لە ئەمەریکا ئەنجام بدەن، هەروەها ناتانیاهۆش بانگهێشتنامەکەی قبوڵ کردووە و رێککەوتن کراوە کە تیمەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا هەماهەنگی وردەکارییەکانی کۆبوونەوەکە ئەنجامبدەن.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، هەردوولا گفتوگۆیەکی درێژ و دۆستانەیان ئەنجامداوە کە تیشکیان خستۆتە سەر راگرتنی هەڕەشەکانی ئێران و بریکارەکانی، هەروەها بەرزکردنەوەی هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە سەقامگیری لە کەرتی رۆژئاوا.

نەتانیاهۆ بە سەرۆکی ئەمەریکای راگەیاندووە، هەوڵدەدات کۆدەنگییەکی فراوانی گشتی سەبارەت بە پڕۆژە یاسای هەموارکردنەوەی دادوەری دروستبکات، کە دادگای باڵای وڵاتەکە زۆرێک لە دەسەڵاتەکانی لێ دەسەنێتەوە.

حکومەتی هاوپەیمانی راستڕەوی ناتانیاهۆ هەوڵدەدات پێش دەستپێکردنی پشووی هاوینەی پەرلەمان کە لە 30ی تەمموز دەستپێدەکات، هەموارکردنەوەی یاساکە پەسەند بکات و ئۆپۆزسیۆنیش هەڵمەتی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکانی خۆی چڕتر دەکاتەوە.